بازاڕی گواستنه‌وه‌عێراقگرنگترین

تایبەت بە یاریگا؛ هەولێر گرێبەستی 15 یاریزانی نوێ ناکاتەوە و یەکشەممە ماڵئاوایی لە یانەکە دەکەن

پێشتر تۆڕی وەرزشی یاریگا وەکو تاکە سەرچاوە بەڕێکردنی 15 یاریزانەکەی راگەیاندبوو

Yariga App

یاریگا –

هەولێر گرێبەستی 15 یاریزانی نوێ ناکاتەوە و رۆژی یەکشەممە لە دوایین گەڕی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق ماڵئاوایی لە یانەکە دەکەن.

تۆڕی وەرزشی یاریگا ناوی ئەو 15 یاریزانە بڵاو دەکاتەوە کە گرێبەستەکانیان نوێ ناکرێتەوە و رۆژی یەکشەممە یاریی بەرامبەر نەورۆز لە دوایین گەڕی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەبێتە دوایین یارییان بە درێسی یانەکەی قەڵاومنارە و چیدیکە بە درێسی زەردپۆشەکان نایانبینینەوە.

تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، بە بڕیاری سەمیر بابۆ راهێنەری یانەی هەولێر هەریەکە لە (حوسێن جولی، عەلا خەلیل، ئاداما بالۆ، یاسر سەلام، ئەمیر رۆژبەیانی، دیدار غازی، ئەرکان ئەمیر، هەردی سیامەند، بارزان شێرزاد، مستەفا قابیل، محەمەد قاسم، ئەمجەد رازی، خەلیفە ئەبوبەکر، لویس ئێدوار، عەلی موحسین) گرێبەستەکانیان نوێ ناکرێتەوە و ماڵئاوایی لە یانەی هەولێر دەکەن.

ئەو 15 یاریزانەی ریزەکانی یانەی هەولێر بەجێدەهێڵن
ئەو 15 یاریزانەی ریزەکانی یانەی هەولێر بەجێدەهێڵن

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو (شەش رۆژ لەمەوبەر) تۆڕی وەرزشی یاریگا وەکو تاکە سەرچاوە رایگەیاندبوو یانەی هەولێر 15 یاریزانی یانەکەی بەڕێ دەکات و جگە لە هێلیۆ مۆنتیێرۆ سەرجەم یاریزانە پیشەگەرەکانی یانەکە بەڕێ دەکرێن، کە ئەوکات یانەی هەولێر هەواڵەکەی رەتکردەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، سەمیر بابۆ دەیەوێت زۆربەی تیپەکەی بگۆڕێت و تیپێکی تەواو جیاواز و تۆکمە بۆ وەرزی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئامادە بکات، کە ئەم وەرزە یانەکەی قەڵاومنارە بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕی و لە لێواری دابەزین بوو، پێش گەڕی کۆتایی خولەکە بە کۆکردنەوەی 40 خاڵ لە پلەی چواردەمی خولەکە دێت.

هەولێر لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە 37 یاری 42 گۆڵی کردووە و 46 گۆڵی لێکراوە و 15 یاریی دۆڕاندووە و تەنیا 9 بردنەوەی بەدەستهێناوە.

رۆژی یەکشەممە هەولێر لە دوایین یاریی ئەم وەرزەی لە گەڕی سی و هەشتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کاتژمێر 17:00 لە سلێمانی دەبێتە میوانی نەورۆز.

بابەتی زیاتر

Back to top button