تیروپشکی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیالی 2026 راکێشرا
عێراق لە کۆمەڵەی دووەم یاریی دەکات
یاریگا –
لە کوالالومپوور لە مالیزیا تیروپشکی قۆناخی داهاتووی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیالی 2026 راکێشرا، 18 هەڵبژاردە سەرکەوتووەکە دابەشی سەر سێ کۆمەڵە کران و عێراق لە کۆمەڵەی دووەم یاریی دەکات و ئەرکی ئاسانە.
عێراق لە کۆمەڵەی دووەم هاوشانی هەریەکە لە کۆریای باشوور، ئوردن، فەلەستین و کوەیت یاریی دەکات و لەو سێ کۆمەڵەیە لە هەر کۆمەڵەیەک دوو هەڵبژاردە راستەوخۆ دەگەنە مۆندیالی 2026.
کۆمەڵەی یەکەم: ئێران، قەتەڕ، ئۆزباکستان، ئیمارات، قیرغزستان، کۆریای باکوور.
کۆمەڵەی دووەم: کۆریای باشوور، عێراق، ئوردن، عومان، فەلەستین، کوەیت.
کۆمەڵەی سێیەم: ژاپۆن، ئوستڕالیا، سعوودیە، بەحرەین، چین، ئیندۆنیزیا.
رێگای عێراق بۆ گەیشتن بە ئەمریکا چۆنە؟
مۆندیالی 2026 بۆیەکەمجار بە بەشداریی 48 هەڵبژاردە لە ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا بەڕێوە دەچێت، بۆیە ژمارەی کورسییەکانی هەر کیشوەرێک زیادی کردووە، پێشتر ئاسیا چوار بلیت و نیوی هەبوو، بەڵام بۆ مۆندیالی داهاتوو هەڵبژاردەکانی ئاسیا هەشت بلیت و نیویان دەبێت، واتە چانسی هەڵبژاردەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال دوو هێندە زیادی کردووە.
عێراق یەکێکە لەو 18 هەڵبژاردەیەی سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی داهاتووی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیالی 2026 مسۆگەر کردووە، کە ئەو 18 هەڵبژاردەیە بەگوێرەی ئاستەکانیان دابەشی سەر سێ کۆمەڵە دەکرێن و رۆژی 27ـی ئەم مانگە تیروپشک بۆ سێ کۆمەڵەکە دەکرێت و هەر کۆمەڵەیەک لە شەش هەڵبژاردە پێکدێت.
شەش هەڵبژاردەکەی هەر کۆمەڵەیەک یاریی لەگەڵ یەکتری دەکەن، یەکەم و دووەمی هەر کۆمەڵەیەک راستەوخۆ دەگەنە مۆندیال و شەش بلیتی کیشوەری ئاسیا بۆ مۆندیالی داهاتوو یەکلا دەبێتەوە، عێراق دەتوانێت یەکێک لەو شەش بلیتە دەستبخات و بگاتە مۆندیالی داهاتوو.
ئەگەر عێراق نەیتوانی لەو شەش بلیتە هیچیان بەدەست بهێنێت، ئەگەر سێیەم یان چوارەمی کۆمەڵەکە بێت هێشتا چانسی دەمێنێت، خاوەنی پلەکانی سێیەم و چوارەمی ئەو سێ کۆمەڵەیە لە قۆناخی دواتر دابەشی سەر دوو کۆمەڵە دەکرێن و هەر کۆمەڵەیەک لە سێ هەڵبژاردە پێکدێت و خاوەنی پلەی یەکەمی هەردوو کۆمەڵەکە بلیتی مۆندیال بەدەست دەهێنن، پلەی دووەمی هەردوو کۆمەڵەکەش رووبەڕوو دەبنەوە و براوەیان لە قۆناخی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیال یاریی دەکات بۆ ئەوەی شەڕ لەسەر نیو بلیتەکەی کیشوەری ئاسیا بکات.
📊 OFFICIAL: Here it is – our group for the Third Round of #AsianQualifiers!#Iraq #LionsOfMesopotamia 🇮🇶 pic.twitter.com/gOC3GG51cR
— Iraq National Team (@IraqNT_EN) June 27, 2024
عێراق لە مێژوودا تەنیا جارێک گەیشتووەتە مۆندیال
عێراق لە مێژوودا تەنیا جارێک گەیشتووەتە مۆندیال ئەویش لە مۆندیالی 1986 بوو، ئەحمەد رازی و هاوڕێیەکانی توانیان لە پاڵاوتنەکان بلیتێکی مۆندیالەکەی مەکسیک بەدەست بهێنن و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بەشداریی مۆندیالیان کرد.
عێراق لەو مۆندیالە لەکۆی سێ یاری نەیتوانی هیچ یەکسان و بردنەوەیەک بەدەست بهێنێت و هەر سێ یارییەکەی بەرامبەر مەکسیک و پاراگوای و بەلجیکا دۆڕاند و چوار گۆڵی لێکرا و تەنیا گۆڵێکی کرد، ئەو گۆڵە مێژووییەش لەلایەن ئەحمەد رازی لە خولەکی 59 لە یاریی بەرامبەر بەلجیکا تۆمارکرا.