بارسێلۆنا بیر لە فرۆشتنی ئەستێرەیەکی دیاری یانەکەی دەکاتەوە
یاریگا –
بەڕێوەبەرانی بارسێلۆنا، لە ئەگەری هەبوونی ئۆفەرێکی باش بیر لە فرۆشتنی ئیلکای گۆندۆگان ئەستێرەی ئەڵمانی یانەکەیان دەکەنەوە.
گوندۆگان لە گواستنەوەی هاوینەی ساڵی رابردوودا مانچێستەر سیتی بەجێهێشت و پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد، زۆر بە زوویی توانی متمانەی چاڤی بەدەستبهێنێت و جێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەدا پتەوتر بکات و ببێتە یەکێک لە پارچە سەرەکییەکانی بارسا لە وەرزی رابردوودا.
ئەم ناوەراستکارە ئەڵمانیە بە باشی سوودی لەم چەند ساڵ ئامادەبوونی لە پرێمەرلیگ و یاریی کردنی لە ژێر سەرپەرشتی پێپ گواردیۆلا وەرگرت و لە یارییەکان هەموو هەوڵێکی دەدا یاریزانەکان بەرەوەپێشەوە بجوڵێنێت و رێگریشی لە هێرشی رکابەرەکان دەکرد.
ئەمە بابەتێک بوو کە زۆر باسی لێوەکرا و یاریزانەکانی تری بارسا زۆر دڵخۆش بوون بە ئامادە بوونی گوندۆگان لە ژووری جلگۆڕینی ئەم تیپە، بەڵام ئێستا وا دیارە بارودۆخی دارایی بارسا وایکردووە تەنانەت ئامادەبن بۆ باشتر بوونی دۆخی دارایی و رزگار بوونیان لەم دۆخە بیر لە دەستبەردار بوونی ئەم ئەستێرە ئەڵمانییە بکەنەوە.
🗞️ #PortadaMD https://t.co/2SS6GqFjbz pic.twitter.com/aJm859Ee4e
— Mundo Deportivo (@mundodeportivo) June 21, 2024
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاویکردەوە، ئاستی باشی گوندۆگان لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە رکابەرییەکانی یۆرۆی 2024 وایکردووە بارسا ئامادەبێت ئۆفەرەکان بۆ فرۆشتنی ئیلکای قبوڵ بکات و پێشبینی دەکرێت بەم نزیکانە لە یانەکانی سعودیە ئۆفەریان پێشکەش بکرێت، لەم حاڵەتەشدا بەجدی بیری لێدەکەنەوە.