کۆپا ئەمێریکا 2024گرنگترین

پریڤیوی یاریی کردنەوەی کۆپا ئەمریکای 2024؛ ئارجێنتینا – کەنەدا

Yariga App

یاریگا –

سبەی هەینی کاتژمێر 03:00ـی بەرەبەیان کۆپا ئەمریکای 2024 لە ئەمریکا دەستپێدەکات و لە یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەدا ئارجێنتینا و کەنەدا رووبەڕوو دەبنەوە.

خیسوس نۆیل ڤالێنزوێلا ناوبژیوانی ڤێنزوێلی بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکە هەڵبژێردراوە و یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە لە یاریگای مێرسیدیس بێنز لە ویڵایەتی ئاتڵانتا بەڕێوە دەچێت.

تەواوی بلیتەکانی یارییەکە فرۆشراون و 70 هەزار هاندەر لە یاریگا ئامادە دەبن

تەواوی بلیتەکانی یاریی کردنەوەی کۆپا ئەمریکا فرۆشراون و پێشبینی دەکرێت لە یاریی ئارجێنتینا و کەنەدا زیاتر لە 70 هەزار هاندەر لە یاریگای مێرسیدیس بێنز ئارینا ئامادەبن.

ئالیخاندرۆ گۆمێز، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور رایگەیاندووە :’سەرجەم بلیتەکانی یاریی کردنەوەی کۆپا ئەمریکا فرۆشراون و ئەمەش دەیسەلمێنێت ئاهەنگی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە چەندە گرنگە، هیوادارین هاندەران لە سەرەتای پاڵەوانێتییەکە تاوەکو کۆتایی چێژ لە یارییەکان وەربگرن’.

Canada Training Session and Press Conference - CONMEBOL Copa America USA 2024

کەنەدا بۆیەکەمجار بەشداریی کۆپا ئەمریکا دەکات

کەنەدا بۆیەکەمجار بەشداریی کۆپا ئەمریکا دەکات و هەڵبژاردەکە دەیەوێت لە ئێستاوە خۆی بۆ مۆندیالی 2026 ئامادە بکات، کە دوو ساڵی دیکە کەنەدا و مەکسیک و ئەمریکا بە هاوبەشی میوانداریی وەشانی داهاتووی مۆندیال دەکەن.

لەو 26 یاریزانەی بۆ کۆپا ئەمریکا بانگهێشتکراون تەنیا دوو یاریزانیان تەمەنیان لە سەرووی 30 ساڵە، ئەلفۆنسۆ دەیڤز کاپتنی هەڵبژاردەکە لە تەمەنی 23 ساڵیدا دەیەوێت سەرکردایەتی هەڵبژاردەکەی بکات و ئارجێنتینییەکان شۆک بکەن.

ئەلفۆنسۆ دەیڤز کاپتنی کەنەدا لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر ئارجێنتینا دەڵێت :’ئارجێنتینا باشترین هەڵبژاردەی جیهانە و کاتێک ئێمە بۆ یارییەکە دەچین دەزانین بەرامبەر پاڵەوانی جیهان یاریی دەکەین، ئەمەش زیاتر هانمان دەداتمن لەم کاتەدا تەنیا بیر لەوە دەکەمەوە یارمەتی هەڵبژاردەکەم بدەم بۆ ئەوەی بگەینە دوورترین قۆناخی کۆپا ئەمریکا، دوای کۆتایی پاڵەوانێتییەکە ئینجا بیر لە داهاتووی خۆم دەکەمەوە، با بزانین چی روودەدات’.

Image

سکالۆنی: پێویستە رابردوو لەبیر بکەین و بیر لە داهاتوو بکەینەوە

لیۆنێل مێسی و ئانخێل دی ماریا بەشداریی دوایین وەشانی کۆپا ئەمریکا دەکەن و راهێنەری ئارجێنتینا لەبارەی ماڵئاوایی ئەو دوو ئەستێرەیە دەڵێت :’شتێکی لۆژیکی نییە لە ئێستاوە بیر لە ماڵئاوایی مێسی و دی ماریا بکەینەوە، با چێژیان لێوەربگرین، مێسی لە دۆخێکی باشدایە و با بزانین لە داهاتوو چی روودەدات’.

لیۆنێل سکالۆنی راهێنەری ئارجێنتینا دەڵێت :’ئەوەی لە رابردوو روویدا جوان بوو، بەچێژ بوو، بەڵام كۆتایی هات و ئێستا پێویستە بیر لە داهاتوو بكەینەوە، تەواوی یاریزانەکانمان بۆ یارییەکەی کەنەدا ئامادەن، دواتر بەگوێرەی پێویستی بڕیار لەسەر پێکهاتەی سەرەکی دەدەین، ئێمە لە بەهێزی و قورسی ئەم پاڵەوانێتییە دەگەین، کەنەدا هەڵبژاردەیەکی بەهێزە و راهێنەرێکی نوێیان هەیە و خاوەنی چەند یاریزانێکی گرنگن، هەڵەن ئەوانەی وابیر دەکەنەوە یارییەکەی کەنەدا ئاسانە’.

Image

مێسی و هاوڕێیەکانی لەسەر سەرکەوتنەکانیان بەردەوام دەبن؟

لیۆنێل مێسی و هاوڕێیەکانی دوای ئەوەی نازناوی کۆپا ئەمریکای 2021 و جامی جیهانی 2022ـیان بەدەستهێنا، هێشتا لە مانگی هەنگوینی کاروانی وەرزشییاندان، سەماکارانی تانگۆ لەوەتەی نازناوی مۆندیالیان بردووەتەوە لە دوایین 14 یاری 13 بردنەوەیان بەدەستهێناوە و تەنیا یارییەکیان دۆڕاندووە.

ئارجێنتینا پێش ئەوەی بچێتە ناو کۆپا ئەمریکا دوو یاریی دۆستانەی بەرامبەر ئیکوادۆر و گواتیماڵا کرد و کوڕانی سکالۆنی هەردوو یارییەکەیان بە ئەنجامی 1-0 و 4-1 بردەوە.

دووەمجارە ئارجێنتینا و کەنەدا رووبەڕوو دەبنەوە

کەنەدا کە یەکەمجارە بەشداریی کۆپا ئەمریکا دەکات و وەکو میوان بۆ پاڵەوانێتییەکە بانگهێشتکراوە، دووەمجارە رووبەڕووی ئارجێنتینا دەبێتەوە، تاکە یاریی نێوان ئەم دوو هەڵبژاردەیە لە ساڵی 2010 لە یارییەکی دۆستانەدا بووە.

14 ساڵ لەمەوبەر ئارجێنتینا لە یارییەکی دۆستانەدا 5-0 لە کەندای بردووەتەوە، کە ئەوکات ماکسی رۆدریگێز و کارلۆس تیڤێز و ئانخێل دی ماریا و سێرخیۆ ئەگوێرۆ لە یاریگای مۆنیمۆنتاڵ گۆڵبارانی کەنەدای میوانیان کرد و جگە لەو یارییە هەرگیز رووبەڕوو نەبوونەتەوە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button