ئه‌مریکائه‌وروپاراپۆرتی تایبەتکۆپا ئەمریکاکۆپا ئەمێریکا 2024گرنگترینمۆندیالی 2026یۆرۆی 2024

جامی نەتەوەکانی ئەوروپا یان جامی جیهانی؛ کامیان بەهێزترە؟

دیبەیتێکی دیکەی نێوان هەوادارانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی

Yariga App

یاریگا –

دوای ئەوەی کیلیان ئێمباپێ گوتی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا لە جامی جیهانی زەحمەتترە و یاریزانە ئارجێنتینییەکان وەڵامیام دایەوە و بۆچوونەکەیان رەتکردەوە، ئێستا هەمووان بەراوردی نێوان جامی نەتەوەکانی ئەوروپا و جامی جیهانی دەکەن و بۆچوونی جیاواز لەبارەی بەهێزییان هەیە.

کیلیان ئێمباپێ چی گوت و یاریزانانی ئارجێنتینا چۆن وەڵامیان دایەوە؟

کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری نوێی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی فڕەنسا لە پاریس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی :’بەدەستهێنانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا لە مۆندیال قورسترە’، ئەم لێدوانەی ئێمباپێ کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و هەرزوو وەڵامیان دایەوە.

ئێمیلیانۆ مارتینێز گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا کە دوو ساڵ لەمەوبەر جامی جیهانی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی بەدەستهێنا، لە وەڵامی ئێمباپێ گوتی :’هیچ پاڵەوانێتییەک لە مۆندیال زەحمەتتر نییە و هەمووان ئەوە دەزانن’، پاریدێس یاریزانێکی دیکەی ئارجێنتینی بوو وەڵامی ئێمباپێی دایەوە و گوتی :’هەر کەسێک ئازادە چی دەڵێت، ئەو باش لەوە تێدەگات بەدەستهێنانی جامی جیهانی چۆنە، ئێمە کە نازناوەکانی مۆندیال و کوپا ئەمریکا و فینالیسمامان بەدەست هێناوە، باش دەزانین بردنەوەی جامی جیهانی چەندە زەحمەتە’.

ئێمباپێ یەکەم کەس نییە بڵێت جامی نەتەوەکانی ئەوروپا لە جامی جیهانی بەهێزتر و زەحمەتترە، ساڵی 2012 چاڤی هێرناندێز کە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا جامی جیهانی 2010 و جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2008 و 2012ـی بەدەستهێناوە، گوتی :’بەدەستهێنانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا لە جامی جیهانی قورسترە’.

‘بەدەستهێنانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا زۆر لە جامی جیهانی قورسترە، لەگەڵ ئەوپەڕی رێزم لە جامی جیهانی دەکرێت رووبەڕووی هندۆراس یان سعوودیە ببیتەوە، بەڵام لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا هەر هەڵبژاردەیەک دەتوانێت لێت بباتەوە’

لێدوانی چاڤی هیرناندێز لە ساڵی 2012 بۆ رۆژنامەی ئێلپایسی ئیسپانی

بۆچی دیبەیتی نێوان یۆرۆ و مۆندیال گەرموگوڕە؟

لەبەر ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ساڵی 2016 جامی نەتەوەکانی ئەوروپای بەدەستهێنا و ساڵی 2022 لیۆنێل مێسی جامی جیهانی بەدەستهێنا، دیبەیتی بەروردکاری نێوان جامی نەتەوەکانی ئەوروپا و جامی جیهانی گەرمترە، چونکە هەوادارانی ئەو دوو ئەفسانەیە لەبەر یاریزانە دڵخوازەکانیان پشتگیری ئەو پاڵەوانێتییە دەکەن کە تیایدا گەیشتوونەتە لوتکە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە مێژووی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا زۆربەی ریکۆردەکانی بەناوی خۆیەوە نووسیوەتەوە، بە تۆمارکردنی 14 گۆڵ لە 25 یاری گۆڵکاری مێژوویی پاڵەوانێتییەکەیە و خاوەنی زۆرترین یاریشە لە مێژووی پاڵەوانێتییەکە، بەڵام دۆن تا ئێستا نەیتوانیوە لە مۆندیال بگاتە یاریی کۆتاییش.

لیۆنێل مێسی دوای ئەوەی بووە پاڵەوانی مۆندیالی 2022 هەوادارانی ئەو یاریزانەی تانگۆ بڕوایان وایە لیۆ تۆپی پێی خەتم کردووە و جامی جیهانی بە لوتکەی تۆپی پێ دادەنێن.

دوای ئەوەی ژمارەی هەڵبژاردەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا لە ساڵی 2016 بۆ 24 هەڵبژاردە بەرزکرایەوە و ئاستی هونەری یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە دانەبەزی، بەراوردکاریی نێوان یۆرۆ و مۆندیال زۆرتر بوو، کە لەوەتەی ساڵی 1998 ژمارەی هەڵبژاردەکانی جامی جیهانی کراوەتە 32 هەڵبژاردە.

چاڤی هێرناندێز لەگەڵ جامی جیهانی و جامی نەتەوەکانی ئەوروپا
چاڤی هێرناندێز لەگەڵ جامی جیهانی و جامی نەتەوەکانی ئەوروپا

بەراوردی نێوان ژمارە و بەهای جامی نەتەوەکانی ئەوروپا و جامی جیهانی

جامی نەتەوەکانی ئەوروپا لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپاوە سەرپەرشتی دەکرێت و چوار ساڵ جارێک لە کیشوەری ئەوروپا بەڕێوە دەچێت، ساڵی 1960 یەکەم وەشانی پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەچوو تا ئێستا 16 جار پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەچووە، ئەڵمانیا و ئیسپانیا خاوەنی زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتییەکەن، هەریەکێکیان سێ جار نازناوەکەیان بەدەستهێناوە ئیتاڵیا و فڕەنساش دوو جار بوونەتە پاڵەوانی ئەوروپا.

جامی جیهانی لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و چوار ساڵ جارێک لەسەر ئاستی جیهان بەڕێوە دەچێت، ساڵی 1930 یەکەم وەشانی پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەچوو، تا ئێستا 21 وەشانی پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەچووە، بەڕازیل زۆرترین جار جامی جیهانی بەدەستهێناوە و پێنج جار بووەتە پاڵەوانی جیهان، ئیتاڵیاش لە پلەی دووەم دێت و چوار جار جامی جیهانی بەدەستهێناوە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button