کیلیان ئێمباپێ؛ خەڵاتی داهاتووی ریال مەدریدی پاشای ئەوروپا
هەموو چاوەکان لەسەر سوپەر کیلیانن
یاریگا –
ریال مەدرید هێشتا تامی بردنەوەی پازدەمین نازناوی چامپیۆنزلیگی لە دەمدا ماوە، کەچی چەند هەنگاوێک لە گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ دوورە و دەبێتە خەڵاتێکی دیکەی ئەم وەرزە.
یاریزانی تەمەن 25 ساڵان دوای بەسەربردنی حەوت ساڵ لەگەڵ پاریس سانێرمان، نەیتوانی نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت. بۆیە چاوی لە دەستپێکردنی کاروانێکی نوێیە.
پێشبینی دەکرێت لەم چەندە رۆژەدا ئێمباپێ پەیوەندی بە ریال مەدرید بکات. گواستنەوەی کیلیان لە کاتێکدایە، لۆس بلانکۆس ریکۆردێکی مێژوویی خۆی شکاند و جارێکی دیکە بووەوە پاڵەوانی ئەوروپا.
گواستنەوەی ئێمباپێ، دەرفەتێکی گەورەی بردنەوەی نازناوە گەورەکان لە بەردەم کاپتنی فەرەنسا دەکاتەوە، چونکە ئەستێرە فەرەنسییەکە دەیان ریکۆردی شکاندووە و خاوەنی نازناوی مۆندیالە، بەڵام تینووی بردنەوەی چامپیۆنزلیگە.
لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا، چیرۆکی گواستنەوەی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید بەردەوام باسی سەرەکی میدیاکان بوو، چەند جارێکیش زۆر نزیکبوو، بەڵام هاوشێوەی دراماکانی مەکسیک، لەپڕ هەموو شتێک سەراوگێڕ دەبوو.
لە 10ی مانگی رابردوودا، کیلیان ئێمباپێ پەیامێکی ماڵئاوایی لە پاریس سانجێرمان بڵاوکردەوە، لەو ساتەوە هاندەرانی ریال مەدرید بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی گواستنەوەی فەرمی کیلیانن.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، لەم هەفتەیەدا گرێبەستی ئێمباپێ ئاشکرا دەکرێت و تەواوی گفتوگۆکان تەواوکراون.
ماوەی مانگێکە دوکانەکانی دەوروبەری یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، ملپێچ و درێسی ئێمباپێ دەفرۆشن، ئەمەش دوای ئاماژەی جیاواز لە رێککەوتنی نێوان هەردوولا.
کیلیان لە ناوچەی بۆندی نزیک پاریس گەورەبووە، لە منداڵییەوە بە ریال مەدرید سەرسامە و وێنەی ئەستێرەکانی مەدرید، بە تایبەتیش کریستیانۆ رۆناڵدۆی لە دیوارەکان هەڵواسیوە.
پێش گواستنەوەی کیلیان لە مۆناکۆوە بۆ پاریس سانجێرمان، ریال مەدرید هەوڵی جددی بۆ گواستنەوەیدا، بەڵام پاریس خێراتر گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەستێرە فەرەنسییەکە بڕاندەوە.
ریال مەدرید ئاشکراکردنی ناساندنی ئێمباپێی بۆ دوای یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ دواخست، تاوەکو یاریزانان بە تەواوی سەرنجی خۆیان لەسەر یاری کۆتایی بەرامبەر بۆڕووسیا دۆرتموند دابنێن.
دەمەوێت یاری بۆ باشترین بکەم.
هاندەران پرسیاری زۆر لە بارەی چۆنیەتی گونجاندنی ئێمباپێ لە پێکهاتەی نوێی مەدرید دەکرێت، بە تایبەت هەریەکە جود بێڵینگهام، ڤینیسیۆس جونیۆر و رۆدریگۆ لە هێڵی پێشەوە یاری دەکەن.
هەفتەی رابردوو، ڤینیسیۆس لەبارەی گواستنەوەی کیلیان گوتی
بەردەوام دەمەوێت یاری لەگەڵ باشترینەکانی جیهاندا بکەم.
لە لایەکی دیکەوە، بێڵینگهام دەڵێت
کیلیان ئێمباپێ یاریزانێکی زۆر سەرنجڕاکێشە، کێ نایەوێت یاری لەگەڵ یاریزانێک بە ئەندازەی باشی ئەو یاری بکات؟
فرانس پرێس روونیکردووەتەوە، ئێمباپێ بۆ ماوەی پێنج وەرز گرێبەست لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ دەکات، بەڵام مووچەکەی بەراورد بە پاریس سانجێرمان کەمتر دەبێت.
سەرەڕای کەمکردنەوەی مووچەکەی، بەڵام هەر لە مووچەی بێڵینگهام و ڤینیسیۆس زیاتر دەبێت و جیا لەمەش پێشبینی دەکرێت لەگەڵ شیرینی ساڵانە، مووچەکەی بگاتە زیاتر لە 50 ملیۆن یۆرۆ.
لەلایەکی دیکەوە، ریال مەدرید و کیلیان لەسەر مافی وێنە رێککەوتوون، بە جۆرێک کیلیان دەبێتە یەکەم یاریزان لە مێژوودا 50-50 داهاتەکە لەگەڵ ریال مەدرید بەش بکات.
گواستنەوەی ئێمباپێ خەونی زۆربەی هاندەرانی ریال مەدریدە، بەڵام ئەمە تەنیا کات پێمان دەڵێت؛ ئێمباپێ لە ریال مەدرید چەند سەرکەوتوو دەبێت.