رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەکانی ئەوروپا؛ لەبارەی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ چییان نووسیوە؟
یاریگا –
زۆربەی رۆژنامە وەرزشییەکانی ئەوروپا لە ژمارەی ئەمڕۆ شەممەیاندا زۆرترین بەرهەمیان لەبارەی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بڵاوکردووەتەوە و رووپەڕی رۆژنامەکانیان تایبەت کردووە و باسی رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید و بۆڕووسیا دۆرتموندیان کردووە.
رۆژنامەکانی مەدرید هانی ریال مەدریدیان داوە و رۆژنامەکانی ئەڵمانیاش ستایشی بۆڕووسیا دۆرتموندیان کردووە و رۆژنامەکانی بەریتانیاش سەرنجیان خستووەتە سەر بێڵینگهام و وێمبلی.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی: بەرەو ژمارە 15.
رۆژنامە مەدریدییەکە نووسیویەتی ‘پاڵەوانانی ئەوروپا دەیانەوێت هێشتا ژمارەی نازناوەکانیان زیاد بکەن و وەکو ئەفسانەیەک زیاتر خۆیان دەربخەن کە ون نابێت’.
رۆژنامەی ASـی ئیسپانی: لە وێمبلییەوە بەرەو ئاسمان
رۆژنامە مەدریدییەکە نووسیویەتی ‘ریال مەدرید بەربژێرە بۆ ئەوەی پازدەمین نازناوی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر سوپرایزەکانی بۆڕووسیا دۆرتموند بەدەست بهێنێت، کۆرتوا بەدڵنیاییەوە سەرەکی دەبێت’.
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی: فشاری یاریی کۆتایی.
رۆژنامە کەتەلۆنییەکە پێچەوانەی رۆژنامەی سپۆرتی هاوشاری کە ئەمڕۆ رووپەڕی رۆژنامەکەی بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ تەرخان نەکردووە، مانشێتی سەرەکی ئەمڕۆی لەبارەی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگە و نووسیویەتی :’ریال مەدرید دەیەوێت پازدەمین نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەست بهێنێت’، ئاماژەی بە قسەکانی ئانچێلۆتیش کردووە کە دانی بەوەداناوە فشاریان لەسەرە و یاریزانەکانی دەترسن.
رۆژنامەی کیکەری ئەڵمانی: ئەمە دەرفەتی دۆرتموندە.
رۆژنامە ئەڵمانییەکە یاریی کۆتایی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگی وەکو دەرفەتی بۆڕووسیا دۆرتموند لێکداوەتەوە بۆ ئەوەی تۆڵەی دۆڕانەکەی 11 ساڵ لەمەوبەری بکاتەوە و بۆ جاری دووەم ببێتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ.
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی: ئەو جودە، لەلایەن بێڵینگهامەوە درووستکراوە.
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی: خەونی کارلۆ.
رۆژنامە بەریتانییەکە لێدوانێکی کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ریال مەدریدی کردووەتە مانشێتی سەرەکی ئەمڕۆ، راهێنەرەکەی ریال لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە گوتی :’بردنەوە لە یاریگای وێمبلی و بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ دەگمەن و لەبیر نەکراو دەبێت’.
رۆژنامەی زە تایمزی بەریتانی: ئێستا لە دەستی خۆتدایە، جود..
رۆژنامە بەریتانییەکە لە رووپەڕی ئەمڕۆی سەرنجی خستووەتە سەر بێڵینگهام و پرسیویەتی :’ئایا بێڵینگهام دەتوانێت لە یەکەم وەرزیدا لە ریال مەدرید یارمەتی یانەکەی بدات بۆ بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ؟
رۆژنامەی دەیلی میرەری بەریتانی: کارلۆ بە لەرزەوە دەچێتە وێمبلی.
رۆژنامە بەریتانییەکە تیشکی خستووەتە سەر قسەکانی ئانچێلۆتی کە پێش یارییەکە دانی بەوەدانا ترسیان هەیە و کارلۆ گوتی :’ئاساییە پێش ئەم جۆرە یارییانە بترسی، بەڵام گرنگ ئەوەیە بتوانی لە یارییەکە ببەیتەوە و ترسەکەت بۆ ئاهەنگ و خۆشی سەرکەوتن بگۆڕی’.
رۆژنامەی ئابۆلی پۆرتوگاڵی: چاوەڕواننەکراو رووبەڕووی ئەزموون دەبێتەوە.
رۆژنامە پۆرتوگاڵییەکە مانشێتی ئەمڕۆی تایبەت کردووە و باسی رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید و بۆڕووسیا دۆرتموندی کردووە و یانە ئیسپانییەکەی بە خاوەن ئەزموون و یانە ئەڵمانییەکەی بە ئەسەپە رەشەکەی پاڵەوانێتییەکە چواندووە.