چامپیۆنزلیگراپۆرتی تایبەتگرنگترین

ئەمشەو کۆتایی بە بەدبەختی تورکەکان دێت؛ بۆیەکەمجار یاریزانێکی تورک دەبێتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ

ئیسپانییەکان زۆرترین یاریزانیان بووەتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ

Yariga App

یاریگا –

ئەمشەو لە یاریگای وێمبلی لە لەندەن کۆتایی بە بەدبەختی تورکەکان دێت و بۆیەکەمجار یاریزانێکی تورک دەبێتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ، ساڵح ئۆزجان یان ئاردا گولەر جامە گوێچکەدارەکە بەرز دەکەنەوە.

لە مێژووی چامپیۆنزلیگدا تا ئێستا 619 یاریزان لە 52 وڵاتی جیاواز نازناوەکەیان بەدەستهێناوە، بەڵام هەر یاریزانێکی تورک لە یاریی کۆتایی بەشداریی کردبێت دۆڕاوە، یاریزانە تورکەکان ببوونە سیمبوڵی بێبەختی و شوومیەتی، هەر یاریزانێکی تورک لە یاریی کۆتایی یاریی کردبا یانەکەی دەدۆڕا.

تا ئێستا چوار یاریزانی تورک لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دۆڕاون، یێلدرای باشتورک یاریزانی بایەر لیڤەرکوزن ساڵی 2002 لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکە لە یاریی کۆتایی دۆڕان، حەمیت ئاڵتینتۆپ لەگەڵ بایرن میونشن ساڵی 2010 لەسەر دەستی ئینتەر میلان لە جامە گوێچکەدارەکە بێبەش کرا، نووری شاهین لەگەڵ بۆڕووسیا دۆرتموند ساڵی 2013 لەسەر دەستی بایرن میونشن تووشی شکست بوون و هاکان چالهانۆغلۆ یاریزانی ئینتەر میلان دوایین یاریزانی تورک بوو لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ تووشی شکست بێت و ساڵی رابردوو بەرامبەر مانچێستەر سیتی دۆڕان.

ئەو وڵاتانەی زۆرترین یاریزانیان نازناوی چامپیۆنزلیگیان بەدەستهێناوە: ئیسپانیا 78 یاریزان، ئیتاڵیا 72 یاریزان، ئینگلتەرا 69 یاریزان، ئەڵمانیا 65 یاریزان، هۆڵەندا 52 یاریزان، بەڕازیل 43 یاریزان، پۆرتوگاڵ 42 یاریزان، فڕەنسا 34 یاریزان، سکۆتلەندا 26 یاریزان، ئارجێنتینا 12 یاریزان، رۆمانیا 12 یاریزان، کڕواتیا 10 یاریزان.

ئەمشەو لەبەر ئەوەی یاریزانی تورک لە هەردوو یانە هەن گرێکوێرەی بەدبەختی تورکەکان دەکرێتەوە و بۆیەکەمجار لە مێژوودا یاریزانێکی تورک دەبێتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ، ئاردا گولەر لە ریال مەدرید یان ساڵح ئۆزجان لە بۆڕووسیا دۆرتموند دەبێتە پاڵەوانی ئەوروپا.

ساڵح ئۆزجان لەم وەرزە لەگەڵ بۆڕووسیا دۆرتموند لە 9 یاری 439 خولەک یاریی کردووە، ئەو ناوەڕاستکارە تورکە لە پاڵەوانێتییەکە ٪82ـی پاسەکانی دروستبوون بەڵام هیچ گۆڵ و ئەسیستێکی نەکردووە و زیاتر لە 54 کیلۆمەتر لەسەر لاکێشەی سەوز لە یارییەکان رایکردووە، پێشبینی دەکرێت ئۆزجان ئەمشەو لەسەر کورسی یەدەک بێت.

ئاردا گولەر کە یەکەم وەرزی یاریکردنیەتی لە ریال مەدرید، لە لالیگا و جامی شای ئیسپانیا و سوپەری ئیسپانیا 440 خولەک یاریی کردووە، بەڵام تا ئێستا لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ لە هیچ یارییەک لەلایەن کارلۆ ئانچێلۆتییەوە دەرفەتی پێنەدراوە و هیچ خولەکێک یاریی نەکردووە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button