لە گەڕی 32ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، هەینی 31\5\2024 یانەی زاخۆ لە ئەرکێکی قوڕسدا دەبێتە میوانی یانەی نەجەف و یانەی نەورۆزیش ڕووبەڕووی یانەی قوەی جەویە دەبێتەوە.
لە شاری سلێمانی و تایبەت لە یاریگای مەلعەبەکە کاتژمێر 4:15 ئێوارە یانەی نەورۆز بەرامبەر یانەی قوەی جەویە یاری دەکات، سورپۆشەکانی سلێمانی بەبێ هەر دوو یاریزان ئەحمەد مەحمود بە هۆی پێکان و موڕتەزا هەدیب بە هۆی کەڵەکە بوونی کارتەکانی یاری دەکەن، مێژووی ڕووبەڕوو بوونەوەی هەر دوو یانە سەرجەمیان لە بەرژەوەندی یانەی قوەی جەویەیە کاتێک تا ئێستا 5 یاری فەرمیان بەرامبەر یەکتر ئەنجامداوە و لە هەر پێنج یاریدا یانەی قوەی جەویە سەرکەوتنی بە دەستهێناوە، قوەی جەوی بە 66 خاڵ لە خانەی دووەمە و یانەی نەورۆزیش بە 45 خاڵ لە ڕیزبەندی حەفتەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاقە.
یانەی زاخۆ بۆ بەهێزکردنی ڕیزبەندی چوارەم لە یاریگای نەجەفی نێودەوڵەتی لە شاری نەجەف کاتژمێر 6:30ـی ئێوارە دەبێتە میوانی یانەی نەجەف، ئەم یاریە کێبڕکێی وەرگرتنی ڕیزبەندی خانەی چوارمە کە ئێستا یانەی زاخۆ 55 خاڵی هەیە لە خانەی سێیەمە و یانەی نەجەفیش بە 53 خاڵ لە ڕیزبەندی خولەکەیە، هەر دوو یانەش لە مێژوودا 18 یاری فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە کە تیایدا 6 یاری لە بەرژەوەندی یانەی نەجەف بووە و لە 4 یاریشدا زاخۆ سەرکەوتنی بە دەستهێناوە و لە 8 یاریشدا یەکسان بوونە.
بە ڕاهێنەرایەتی تەڵال بەلوشی قەتەڕی یانەی زاخۆ بە وەرزێکی نایاب تێدەپەڕێت و خاوەن بەهێزترین هێلی بەرگری و زۆرترین کلین شیتە و تا ئێستا کەمترین گۆڵی لە خولی ئەستێری عێڕاق لێ تۆمار کراوە کە تەنیا 12 گۆڵە.