یاریگا –
سێ هەوڵی دیکەی ناسر خلێفی بۆ هێشتنەوەی کیلیان ئێمباپێ ئاشکرا دەبێت.
رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی بڵاویکردووەتەوە، بەدرێژایی ساڵی رابردوو، ناسر خلێفی سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان بە چەند رێگەیەکی جیاواز هەوڵیداوە کیلیان ئێمباپێ رازی بکات لە یانەکە بمێنێتەوە.
بەخۆڕایی مەڕۆ
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامە فەڕەنسییەکە، سەرۆکەکەی پاریس هەوڵیداوە کیلیان رازی بکات تا بە خۆڕایی یانەکە جێنەهێڵێت، چوونکە وادەکات سەرەکیترین رکابەریان بەبێ هیچ تێچووییەکی گواستنەوە بەهێزتر بکات.
چاوی لە خەزێنەی یانەکەی بێت
لە هەوڵی دووەم، خلێفی بە ئێمباپێی گوتووە پێویستە رەچاوی خەزێنەی یانەکەی بکات، ئەگەر هەر دەڕوات با بڕە پارەیەک بچێتە خەزێنەی یانەکە و دواتر سودی لێ وەربگرن.
تەنانەت ناسڕ ناوی جود بێڵینگهام و هاری کەینی بە نمونە هێناوەتەوە، بە کیلیانی گوتووە چاو لەو یاریزانانە بکات، ئەستێرە گەورەکان لەکاتی رۆشتنیان بڕە پارەیەکی زۆر لەدوای خۆیان بۆ یانەکەیان جێدەهێڵن.
رەوایەتیدان بە سوپەرلیگ
خلێفی لە هەوڵی سێیەمی ویستوییەتی بە پڕۆژەی سوپەرلیگ بۆچوونی ئێمباپێ بگۆڕێت، پێی گوتووە ئەگەر تۆ بچیتە ریال مەدرید رەوایەتی بە سوپەرلیگ دەدەیت، وادەکەیت پڕۆژەکە بەتەواوی بچەسپێت.
En sept ans de vie commune, les relations entre l’attaquant Kylian Mbappé, qui dispute son dernier match pour le PSG, et le président Nasser Al-Khelaïfi ont été pour le moins cahoteuses > https://t.co/WFYChjLSod pic.twitter.com/9qfAwlqa9h
— L’ÉQUIPE (@lequipe) May 25, 2024
هەر بەپێی زانیارییەکانی لیکیپ، ناسر خلێفی بڕوایەکەی زۆری بەخۆی هەبووە، کە کیلیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە یانەکەی دەمێنێتەوە.
بەرلەوەی یاریزانەکە پەیوەندی بە پاریس بکات بە خلێفی گوتراوە “رۆژێک لە رۆژان ئێمباپێ پەیوەندی بە ریال مەدرید دەکات. بەڵام خلێفی بە باوەڕبەخۆبوونێکی زۆرەوە گوتییەتی؛ با تەنیا درێسی پاریس بپۆشێت بۆ 25 ساڵی دیکە لە یانەکەمان دەمێنێتەوە.
سەرجەم هەوڵەکانی سەرۆکە قەتەرییەکە بێسود بوو، ئەمشەو ئیمباپێ بەرامبەر لیۆن لە یاری کۆتایی جامی فەڕەنسا کۆتا یاری خۆی بە درێسی پاریس دەکات، دواتریش پەیوەندی بە ریال مەدرید دەکات.