یاریگا –
ئەو دەستەسڕەی مێسی یەکەم گرێبەستی لەگەڵ بارسێلۆنا لەسەر واژۆکرد بە نزیکەی ملیۆنێک دۆلار فرۆشرا.
مەزادخانەی بۆنهامس لە بەریتانیا رایگەیاندووە، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا ئەو دەستەسڕەی لیۆنێل مێسی لە تەمەنی 13 ساڵیدا یەکەم گرێبەستی لەگەڵ بارسێلۆنا لەسەر واژۆکرد، بە 965 هەزار دۆلاری ئەمریکی (ملیارێک و 400 ملیۆن دیناری عێراقی) فرۆشرا، کە رۆژی 14ـی دیسەمبەر/کانوونی یەکەمی 2000 مێسی لەسەر ئەو دەستەسڕە گرێبەستی لەگەڵ بلاوگرانا واژۆ کرد.
هۆراسیۆ گاگیۆلی کە یەکێکە لە بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانان لە ئارجێنتینا خاوەنی دەستەسڕەکە بوو، ئەو پیاوە ئارجێنتینییە دوای 24 ساڵ دەستەسڕەکەی لە زیادکردنێکی ئاشکرادا فرۆشت و داهاتەکە بۆ خۆیەتی.
ساڵی 2000 کاتێک مێسی لە نیوئۆڵد بۆیزی ئەرجەنتینی چووە ریزەکانی بارسێلۆنا، هۆراسیۆ گاگیۆلی بەڕێوەبەری کارەکانی لیۆ و کارلس ریکساچ سکرتێری هونەری ئەوکاتی یانە کەتەلۆنییەکە لەسەر دەستەسڕێک گرێبەستەکەیان نووسییەوە، هۆراسیۆ گاگیۆلی پێشتر رایگەیاندبوو ئەو دەستەسڕە پێشکەشکی مۆزەخانەی بارسێلۆنا دەکات، کەچی دواتر پەشیمان بووەوە و بڕیاریدا لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بیفرۆشێت.
هۆراسیۆ گاگیۆلی دوای 24 ساڵ دەستەسڕەکەی فرۆشت، کە ئەو گرێبەستە بەشێکی گرنگی مێژووی یانەی بارسێلۆنایە، بەڵام خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە رەتیکردەوە دەستەسڕەکە بکڕنەوە بۆ ئەوەی لە مۆزەخانەی یانەکە دایبنێن.