یاریگا –
بەهۆی قسەکانی چاڤی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەی ئەلمێریا، ناو ماڵی بارسێلۆنا شڵەژاوە و لاپۆرتا بڕیاریداوە چاڤی دووربخاتەوە، لەکاتێکدا 23 رۆژ لەمەوبەر بلاوگرانا مانەوەی ئەو راهێنەرە کەتەلۆنییەی راگەیاند.
چاڤی پێش یارییەکەی ئەلمێریا چی گوت؟
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، بەهۆی لێدوانەکانی چاڤی هێرناندێز پێش یاریی بەرامبەر ئەلمێریا، خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بڕیاریداوە چاڤی لە راهێنەرایەتی یانبەکەی دووربخاتەوە، چونکە پێیوایە چاڤی ‘کۆڵیداوە و تەسلیم بووە’.
23 رۆژ لەمەوبەر خوان لاپۆرتا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەفەرمی بەردەوامبوونی چاڤی هێرناندێزی لە راهێنەرایەتی یانەکەی راگەیاند و پشتگیری خۆی بۆ ئەو راهێنەرە کەتەلۆنییە راگەیاند، کەچی بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامەی سپۆرت، لەبەر ئەوەی چاڤی گوتویەتی بەهۆی دۆخی دارایی یانەکەمان ناتوانن کێبڕکێی ریال مەدرید و یانە گەورەکانی ئەوروپا بکەین، لاپۆرتا بڕیاریداوە یەکشەممە چاڤی لە راهێنەرایەتی یانەکەی دووربخاتەوە.
لاپۆرتا بڕیاری خۆی داوە، بەڵام چاڤی ئاگادار نییە
رادیۆی کەتەلۆنیا رایگەیاندووە، لاپۆرتا بڕیاریداوە دوای یارییەکەی یەکشەممە بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ بڕیاری دوورخستنەوەی چاڤی لە راهێنەرایەتی یانەکە رابگەیەنێت، دەیەوێت بارسا یەکشەممە بەدەستهێنانی پلەی دووەمی لە لالیگا مسۆگەر بکات، ئینجا بڕیارەکە رابگەیەنێت.
جیرارد رۆمێرۆ رۆژنامەنووسی بەناوبناگی کەتەلۆنی رایگەیاندووە، لاپۆرتا و بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنا لەگفتوگۆدان و دەیانەوێت لەبارەی داهاتووی چاڤی بڕیار بدەن، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا پێشبینی ناکرێت ئەمڕۆ بڕیاری دوورخستنەوەی چاڤی بدرێت و ئەو راهێنەرە کەتلۆنییە بۆ یاریی یەکشەممە راهێنەرایەتی بارسا دەکات.
بارسێلۆنا بە کۆکردنەوەی 79 خاڵ پلەی دووەمی لالیگای گرتووە و چوار خاڵ لەپێشەوەی جیرۆنای سێیەم دێت، لەو دوو یارییەی بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ و سێڤییا ماویەتی، پێویستی بە بردنەوەیەکە بۆ ئەوەی پلەی دووەمی خولەکە مسۆگەر بکات.
ناکۆکییەکانی نێوان چاڤی و لاپۆرتا لەزیابووندان
بەگوێرەی سەرچاوەی میدیا کەتەلۆنییەکان، رۆژ لەدوای رۆژ ناکۆکییەکان لە نێوان چاڤی و لاپۆرتا لەزیادبووندان، راهێنەرە کەتەلۆنییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاریی ئەلمێریا هەوڵیدا دۆخی دارایی یانەکەیان بگەیەنێتە هاندەرانی یانەکە، بەڵام لاپۆرتا نایەوێت ئەو قسانە بکرێن.
میدیا کەتەلۆنییەکەن رەخنەی ئەوە لە لاپۆرتا دەگرن کە کەسێکی واقیعی نییە و زیاتر بە خەیاڵ و سۆز کار دەکات، لەکاتێکدا چاڤی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەی ئەلمێریا واقیعیانە قسەی کرد.
رازی نەبوونی لە ئاستی ڤیتۆر رۆکی و چەند یاریزانێکی دیکەی یانەکە و ویستی چاڤی بۆ گواستنەوەی چەند یاریزانێکی پێویست، ناکۆکی لە نێوان لاپۆرتا و چاڤی دروستکردووە، هەربۆیە سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بڕیاریداوە راهێنەرەکەی دووربخاتەوە، لەکاتێکدا ساڵێک لە گرێبەستەکەی ماوە.
کێ شوێنی چاڤی هێرناندێز دەگرێتەوە؟
هەواڵەکانی ناو ماڵی بارسێلۆنا هێندە خێران، لە ئێستاوە میدیاکان باسی شوێنگرەوەی چاڤی دەکەن، رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، رافایل مارکێز و هانس فلیک بەربژێرن بۆ ئەوەی شوێنی چاڤی بگرنەوە و ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکە بۆ وەرزی داهاتوو بگرنە ئەستۆ.
بڕیاری دوورخستنەوەی چاڤی 12 ملیۆن یۆرۆ لەسەر بارسێلۆنا دەکەوێت، بەگوێرەی بەندێکی گرێبەستەکەی دەبێت بلاوگرانا قەرەبووی چاڤی بکاتەوە، ئەگەر بڕیاری دوورخستنەوەی بدات.