ئینگلتەراگرنگترین

سیستەمی ڤار لە پرێمەرلیگ هەڵدەوەشێتەوە؟

Yariga App

یاریگا –

لەسەر داوای یانەی وۆلڤەرهامتن رۆژی 6ـی مانگی داهاتوو یانەکانی پرێمەرلیگ لەبارەی ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ڤار لە خولەکە دەنگ دەدەن، کە پێویستە دوو لەسەر سێی یانەکانی پرێمەرلیگ دەنگ بە پێشنیازەکەی وۆلڤز بدەن بۆ ئەوەی ڤار لابدرێت.

رۆژی 6ـی یۆنیۆ پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی ڤار بەشێک دەبێت لە ئەجێندای کۆبوونەوەی یانەکانی پرێمەرلیگ، جگە لە وۆلڤەرهامتن پێویستە لەکۆی 20 یانەکەی پرێمەرلیگ، 13 یانەی دیکەش دەنگ بە پێشنیازەکە بدەن بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتووەوە سیستەمی ڤار لە خولی نایابی ئینگلتەرا جێبەجێ نەکرێت.

کەناڵی سکای سپۆرتسی بەریتانی ئاشکرایکردووە، زۆربەی یانەکانی پرێمەرلیگ دەنگ بە پێشنیازەکەی وۆلڤەرهامتن نادەن و پێیانوایە ڤار شایستەی ئەوەیە بمێنێتەوە و زیاتر گەشەی پێبدرێت، کە سەرەتای ئەم مانگە یانەکانی خولی نایاب و سوپەری سویدی وەکو یەکەم خول لەسەر ئاستی خولە بەهێزەکانی ئەوروپا رەتیانکردەوە سیستەمی ڤار لە یارییەکانی خولەکە بەکار بهێنرێت.

یانەکانی پرێمەرلیگ داوا دەکەن سیستەمی ڤار بمێنێتەوە، بەڵام هەوڵبدرێت بڕیارەکانی ڤار وردتر و دروستتر بن و خێراتر بڕیارەکان یەکلا بکرێنەوە و پەیوەندی نێوان ژووری سیستەمی ڤار و ناو یاریگا پتەوتر و باشتر بکرێت.

بەگوێرەی هەڵسەنگاندنێکی سکای سپۆرتس، پێش ئەوەی سیستەمی ڤار جێبەجێ بکرێت، لە پرێمەرلیگ %86ـی بڕیارەکانی ناوبژیوانان دروستبوون، بەڵام ئێستا لە سەردەمی ڤاردا %96ـی بڕیارەکانی ناوبژیوانان دروستن، کەچی بەگوێرەی راپرسییەکی سکای سپۆرتس %73ـی هەوادارانی پرێمەرلیگ داوای هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ڤار دەکەن.

سكای سپۆرتس ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، یانەکان پێیان وایە ئەگەر تەکنەلۆژیای ڤیدیۆیی ڤار هەڵبوەشێتەوە، کاریگەری خراپ و زیان بە پێگەی خولی ئینگلیزی دەگەیەنێت، بۆیه‌ پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەی داهاتوو كه‌ له‌ 6ی حوزەیران ده‌كرێت، له‌وانه‌یه‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه‌، به‌ڵام گۆرانكاری تێدا بكرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button