50 رۆژ دەرفەتیان پێدەدرێت؛ مان سیتی یان جیرۆنا لە وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ بێبەش دەکرێن
یاریگا –
یویفا 50 رۆژ دەرفەتی بە مانچێستەر سیتی و جیرۆنا داوە، ئەگینا ئەو دوو یانەیە یەکێکیان لە وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ بێبەش دەکرێن.
رۆژنامەی ASـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بە نووسراوی فەرمی یانەکانی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی و جیرۆنای ئیسپانی ئاگادار کردووەتەوە، ئەگەر تاوەکو رۆژی 3ـی یۆنیۆ/تەممووز کێشە یاساییەکانی خۆیان چارەسەر نەکەن، ئەوا یەکێکیان لە چامپیۆنزلیگ بێبەش دەبێت.
گروپی کۆمپانیاکانی سیتی ئیماراتی خاوەنی 100% پشکەکانی مانچێستەر سیتییە و خاوەنی 47%ـی پشکەکانی جیرۆنایە، کە هەردوو یانە بلیتی بەشداریکردنیان لە یارییەکانی وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ مسۆگەر کردووە.
ئیماراتییەکان چۆن کێشەی مان سیتی و جیرۆنا چارەسەر دەکەن؟
بۆ ئەوەی دەرفەتی یاریکردن بە ئەنجامی یارییەکان نەکرێت و بەرژەوەندییەکان تێکەڵ نەکرێن، یوێفا رێگا بەوە نادات دوو یانە لەلایەن کۆمپانیایەک یان سەرمایەدارێک خاوەندارییەتی بکرێت، بۆیە ئەگەر کۆمپانیای سیتی گروپ هەر بە خاوەنی مان سیتی و جیرۆنا بمێنێتەوە، ئەوا یوێفا یەکێکیان دادەبەزێنێتە یۆرۆپالیگ و لە بەشداریکردنی لە چامپیۆنزلیگ بێبەش دەکرێت.
ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس ئاشکرایکردووە، بۆ ئەوەی ئیماراتییەکان خۆیان لەو کێشە یاساییە دەرباز بکەن، کۆمپانیای سیتی گروپ لە بەشێکی زۆری پشکەکانی یانەی جیرۆنا خۆش بێت و کە پێشبینی دەکرێت پشکەکان بگاتە %30، یان پشکەکانی بخاتە ناو سندوقێک کە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە سەرپەرشتی دەکرێت و کۆمپانیاکە دەتوانێت خۆی سەرۆکێک بۆ سندوقەکە دابنێت.
پێشتر یانەکانی ئەیسی میلان و تۆلۆز رووبەڕووی هەمان دۆخ بوونەوە و بە هەمان رێگا کێشە یاساییەکەیان لەگەڵ یوێفا چارەسەر کرد.