باشترین یاریزانی وەرزی ڕابردووی خولی نایابی کوردستان ئامانجی یاریکردنە لەگەڵ یەکێک لە یانە کوردیەکان لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق.
ئەرکان مەنسوڕ ئەستێرەی یانەی ئاکرێ و باشترین یاریزانی خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی 2023_2024 لە سەر داهاتووی خۆی لە یانەکە و ئەو گرێبەستانەی پێشکەشی کراوە تایبەت بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا گوتی: لە ئێستاوە هەندێ یانە گرێبەستیان پێشکەش کردووم بەڵام بڕیارم نەداوە لە سەر داهاتووی خۆم، چونکە ئامانجی من یاریکردنە لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق هەرچەندە یانەی ئاکرێ ڕەنگە لە ڕووی دارایی یەوە گرێبەستی گەورە و گرانبەهام پێشکەش بکات بەڵام من جارێ تەنیا بیرم لای یانەیەکی عێڕاقیە بۆ ئەوەی لەو ڕێگەوە بە ئامانجەکەم بگەم.
ئەستێرەکەی یانەی ئاکرێ دەربارەی ئەو یانانەی عێڕاق کەوا گفتوگۆیان لەگەڵ کردووە ڕایگەیاند: حەزدەکەم لە یەکێک لەو چوار یانە کوردیەی بەشدار لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بۆ یەکێکیان یاری بکەم، هەرچەندە ئەوان لە سەر هێلن بۆ ئەوەی پەیوەندیان پێوەبکەم بەڵام پەلە ناکەم چونکە گرێبەستی چەند یانەیەکی بەغدا و خوارووی بەغداشم هەیە، من دەمەوێ بگەم بە هەڵبژاردەی عێڕاق بۆیە یەکێک لە چوار یانە کوردیەکە باشترین ڕێگایە و جگە لەوەش لە ڕێگەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاقەوە دەمەوێ خولەکانی دەرەوەش تاقی بکەمەوە و بگەم بەو ژیانە پیشەگەریەی کەوا من مەبەستمە و هەوڵی بۆ دەدەم.
ئەرکان مەنسوڕ ڕۆڵێکی تەواو کاریگەری هەبوو لە پاڵەوان بوونی ئاکرێ لە وەرزی ڕابردووی خولی نایابی کوردستان کە توانی 7 گۆڵ و 8 ئەسیست تۆمار بکات.