بارسێلۆنا داوای ئەستێرەیەکی لیڤەرپوول دەکات
ئەستێرەکەی لیڤەرپوول دەبێتە شوێنگرەوەی لیڤاندۆڤسکی
یاریگا –
بارسێلۆنا لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ شوێنگرەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی دەکات و دەیەوێت گفتوگۆ لەگەڵ داروین نونێز، هێرشبەری لیڤەرپوول دەستپێبکات.
رۆژنامەی سەن بڵاویکردووەتەوە، نونێز بووەتە ئامانجی چاڤی هێرناندێز و دەیەوێت بیکاتە شوێنگرەوەی لیڤاندۆڤسکی، یەکێک لە قوربانیانی پێکهاتەی کۆتایی وەرزی بارسا.
دەستنیشانکردنی ئارنە سڵۆت، وەک راهێنەری داهاتووی لیڤەرپوول، دەبێتە یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی دەرفەتی گواستنەوەی نونێز بۆ بارسێلۆنا، چونکە سڵۆت شێوازێکی نوێی تاکتیکی لە ئانفیڵد پەیڕەو دەکات.
بەهۆی سنوورداری تواناکانی ماددی بارسێلۆنا، چاڤی ناچارە دەستبەرداری بەشێک لە ئەستێرەکانی ببێت، چونکە مووچەی ساڵانەی هێرشبەری پۆڵەندی دەگاتە 34 ملیۆن دۆلار، ئەمەش دەکاتە 15%ی کۆی گشتی مووچەی یاریزانانی بارسا.
هەرچەندە نونێز لە لیڤەرپوول دڵخۆشە، بەڵام هاتنەپێشی دەرفەتی پەیوەندیکردن بە بارسێلۆنا، رەنگە پاڵنەرێکی گەورەبێت، تاوەکو نونێز بیر لە جێهێشتنی یانەکەی مێرسیساید بکاتەوە.
لەم وەرزەدا، لیڤاندۆڤسکی لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەکان 24 گۆڵی بۆ بارسێلۆنا کردووە، ئەمە نزمترین ئاستی گۆڵی لیڤایە لە 10 ساڵی رابردوودا، کاتێک وەرزەکەی لەگەڵ بایرن میونشن بە تۆمارکردنی 24 گۆڵ کۆتاییپێهێنا.
مایکڵ ئێدواردس و ریچارد هیوز، بەرپرسانی نوێی کارگێڕی لیڤەرپوولن و لە ماوەیەکی نزیکدا، بڕیار لەسەر چارەنووسی زۆربەی یاریزانان دەدەن. لەلایەک کێشەی نونێز و لە لایەکی دیکەش، یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی محەمەد سەڵاح.