ئەو پڵنگەی مێسییان بەقوربانی کرد ساختە دەرچوو؛ ڤیتۆر رۆکی چی بۆ بارسێلۆنا کردووە؟
یاریگا –
ڤیتۆر رۆکی لە بارسێلۆنا سەرەڕای ئەوەی هیوایەکی زۆری لەسەر هەڵچنرا، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو یاریزانە بەڕازیلییەی مێسی بەقوربانی کرا و لەو کاتەی یانەکە بە قەیرانی داریی تێدەپەڕی، بە گرێبەستێکی گەورە گواسترایەوە، ون بووە و لە ئاستی چاوەڕوانییەکان نییە، یانە کەتەلۆنییەکە بڕیاریداوە لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان بە خواستن بەڕێیبکات.
رۆکی خەریکە دەچێتە ریزی ئەو یانە بەڕازیلییانەی (فیلیپ کۆتینیۆ، پاولینهۆ، مالکۆم، ئارسەر میلۆ، جۆناتان دۆس سانتۆس) لە بارسێلۆنا شکستیان هێنا و نەیانتوانی خۆیان لەگەڵ یانەکە بگونجێنن.
مێسییان بەقوربانی کرد
سەرەتای ئەمساڵ گەرچی چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسێلۆنا حەزی دەکرد لیۆنێل مێسی بگەڕێننەوە، کەچی بلاوگرانا گرێبەستی لەگەڵ ڤیتۆر رۆکی کرد و لەجیاتی ئەوەی هەوڵی گەڕانەوەی لیۆ بدات، ئەو یاریزانە بەڕازیلییەی لە ئاتلێتیکۆ پاراناینسی بەڕازیلییەوە بردە ریزەکانی.
گەرچی بارسێلۆنا بە قەیرانێکی قووڵی دارایی تێدەپەڕێت و خۆی لە گرێبەستە گرانبەیەکان بەدوور دەگرێت، کەچی چوار مانگ لەمەوبەر بارسا بەرامبەر 40 ملیۆن یۆرۆ ڤیتۆر رۆکی گواستەوە ریزەکانی، لەکاتێکدا تاوەکو ئێستا نەبووەتە جێگای متمانەی چاڤی.
چاڤی متمانەی پێناکات
تاوەکو ئێستا چاڤی متمانەی بەو یاریزانە 19 ساڵانە نەداوە، گەرچی ڤیتۆر رۆکی بە گرێبەستێکی گرانبەها پەیوەندی بە یانەکە کردووە، کەچی لە یاریی بەرامبەر ناپۆلی و پاریس سانجێرمان بەشداریی نەکرد، تاوەکو ئێستا چاڤی تەنانەت یەک خولەکیش لە چامپیۆنزلیگ یاریی پێنەکردووە.
رۆکی لەوەتەی پەیوەندی بە یانەکە کردووە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە 13 یاری بە درێسی بارسێلۆنا تەنیا 310 خولەک یاریی کردووە و دوو گۆڵی تۆمارکردووە و پێنج دەرفەتی راستەقینەی گۆڵکردنی فەوتاندووە.
رۆکی لە لالیگا لە کۆی 11 یاری تەنیا 276 خولەک دەرفەتی یاریکردنی لەلایەن چاڤی پێدراوە، بەگوێرەی سەرچاوەی میدیا کەتەلۆنییەکان بارسا بەنیازە لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان رۆکی بە خواستن بە یەکێک لە یانەکانی لالیگا بدات، بۆ ئەوەی زیاتر شارەزای خولەکە بێت و دەرفەتی یاریکردنیشی زۆرتر بێت.
تاکە سوودی پڵنگە بەڕازیلییەکە
دوای ئەوەی بارسا گواستنەوەی ڤیتۆر رۆکی راگەیاند، فشارێکی زیاتر لەسەر رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری پۆڵەندی یانەکە دروستبوو، ئەو هێرشبەرە پۆڵەندییە بەهۆی هەستکردن بە مەترسی لەسەر پێگەکەی، بە تەواوەتی ئاستی گۆڕا و لە یارییەکان ژمارەی گۆڵ و ئەسیستەکانی بەرزبوونەوە، چونکە کێبڕکێ لە نێوان رۆکی و لیڤا دروستبوو.