ئۆڵێمپیادی پاریسراپۆرتی تایبەتعێراقکۆپا ئەمێریکا 2024گرنگترین

مێسی لە ئۆڵێمپیادی پاریس بەرامبەر عێراق یاریی دەکات؟

پرسیارە سەرەکییەکە؛ لە نێوان کۆپا ئەمریکا و ئۆڵێمپیاد یەکێکیان یان هەردووکیان هەڵدەبژێرێت؟

Yariga App

یاریگا –

دوای ئەوەی هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق بلیتێکی ئۆڵێمپیادی پاریسی بەدەستهێنا، لە کۆمەڵەی دووەم هاوشانی ئارجێنتینا و مەغریب و ئۆکراینا یاریی دەکات، ئێستا هەمووان دەپرسن ئایا لیۆنێل مێسی بەشداریی ئۆڵێمپیاد دەکات و رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە.

Lionel Messi Olympic gold medal 2008 Sergio Aguero

دەرگای هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی ئارجێنتینا بەڕووی مێسی کراوەیە، بڕیارەکە لە دەستی لیۆدایە

چەند جارێک خاڤیێر ماسکیرانۆ راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی ئارجێنتینا ئارەزووی خۆی بۆ بانگهێشتکردنی لیۆنێل مێسی هاوڕێی بۆ ئۆڵێمپیادی پاریس درکاندووە، کە بەگوێرەی یاساکانی ئۆڵێمپیاد هەر هەڵبژاردەیەک دەتوانێت سێ یاریزانی تەمەنی سەرووی 23 ساڵان بانگهێشت بکات.

خاڤیێر ماسکیرانۆ پێشتر رایگەیاندبوو :’جێگای شانازیی دەبێت ئەگەر ئانخێل دی ماریا و لیۆنێل مێسی بەشداریی ئۆڵێمپیادی پاریس بکەن و دەبنە زیادکراوێکی بەهێز بۆ هەڵبژاردەکەمان بۆ ئەوەی بە بەهێزی دەربکەوین و دەرگای هەڵبژاردەکەمان بۆ ئەو دوو ئەستێرەیە کراوەیە بۆ ئەوەی بەشداریی ئۆڵێمپیادی پاریس بکەن’.

هەروەها ماسکیرانۆ گوتبووی :’هەمووان دەزانن من پەیوەندییەکی هاوڕێیەتی بەهێزم لەگەڵ مێسی هەیە، دەرگای ئێمە بەڕووی یاریزانێکی وەکو مێسی کراوەیە، بەڵام بڕیارەکە لەدەستی خۆیەتی بۆ بەشداریکردن لە یارییەکانی ئۆڵێمپیادی پاریس’.

Lionel Messi Inter Miami 2023

بەربەستەکانی بەردەم مێسی بۆ بەشداریکردنی لە ئۆڵێمپیادی پاریس

گەرچی مێسی دەرگای بەشداریکردنی بەڕوودا کراوەتەوە، بەڵام مێسی پێچەوانەی دی ماریا لەم هاوینە لەگەڵ یانەی ئینتەر مەیامی خشتەیەکی پڕیاریی هەیە و یارییەکانی خولی ئەمریکی ناسراو بە MLS بەردەوام دەبن، لەکاتێکدا یارییەکانی خولەکانی ئەوروپا و زۆربەی خولەکانی جیهان لە هاویندا دەوەستن.

لەوانەیە مێسی بەهۆی یارییەکانی یانەکەی و پابەندی بە گرێبەستەکەی لەگەڵ ئینتەر مەیامی لە نێوان کۆپا ئەمریکا و ئۆڵێمپیاد یەکێکیان هەڵبژێرێت، چونکە کۆپا ئەمریکای ئەمساڵ لە نێوان 20ـی یۆنیۆ/حوزەیران بۆ 14ـی یۆلیۆ/تەممووز بەڕێوە دەچێت، تەنیا دوای 10 رۆژ یارییەکانی تۆپی پێی ئۆڵێمپیادی پاریس لە نێوان 24ـی یۆلیۆ/تەممووز بۆ 10ـی ئۆگێست/ئاب بەڕێوە دەچێت. لەوانەیە مێسی ئەگەر لەلایەن یانەکەیەوە ناچار بکرێت لەو دوو پاڵەوانێتییە یەکێکیان هەڵبژێرێت، لەجیاتی ئۆڵێمپیاد بەشداریی کۆپا ئەمریکا بکات، چونکە پێشتر رایگەیاندووە بەشداریی مۆندیالی داهاتوو ناکات، بەمەش لەوانەیە هەموو هەوڵێک بدات بە بەدەستهێنانی نازناوی کۆپا ئەمریکا کۆتایی بە کاروانی یارییە نێودەوڵەتییەکانی بهێنێت.

مێسی لەگەڵ ئینتەر مەیامی ئێستا بە کۆکردنەوەی 21 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەی رۆژهەڵاتی خولی ئەمریکییان گرتووە، پەمەییپۆشەکان دەیانەوێت بۆیەکەمجار لە مێژووجا نازناوی خولەکە بەدەست بهێنن، ئینتەر مەیامی لە ماوەی بەڕێوەچوونی یارییەکانی کۆپا ئەمریکا و ئۆڵێمپیاد نۆ یاریی دەکات و ئەنجامی ئەو یارییانە کاریگەرییان لەسەر چانسی یانەکە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە دەبێت.

Lionel Messis Argentina Paired With Morocco In 2024 Paris Olympics Group Hosts France in Group A With USA

پاڵنەرەکانی مێسی بۆ بەشداریکردنی لە ئۆڵێمپیادی پاریس چین؟

پێشتر هەرگیز هیچ یاریزانێک لە مێژوودا دوو مێداڵیای زێڕی ئۆڵێمپیاد و جامی جیهانی بەدەست نەهێناوە، مێسی پێشتر لەگەڵ هەڵبژاردەی ئارجێنتینا مێداڵیای ئۆڵێمپیادی 2008 و مۆندیالی 2022ـی بەدەستهێناوە و دەرفەتێکی زێڕینی لە بەردەمدایە بۆ ئەوەی مێداڵیایەکی دیکەی زێڕ لەگەڵ تانگۆ بەدەست بهێنێت.

مێسی دوای بەدەستهێنانی جامی جیهانی و پەیوەندیکردنی بە ئینتەر مەیامی هەڵبژاردەی نیشتیمانەکەی خستووەتە لەپێشینەی کارەکانی، پێشتر لە میدیاکان بڵاوکرایەوە مێسی لە سەردەمی یاریکردنی لە پاریس سانجێرمان و ئینتەر مەیامی لەگەڵ هەردوو یانەکە رێککەوتووە هەرکاتێک ناچار بێت لە نێوان یارییەکانی یانەکەی و هەڵبژاردەکەی هەڵبژێرێت، رێگای پێبدرێت یارییەکانی تانگۆ هەڵبژێرێت و ئارجێنتینا لەپێشینە بێت بۆی.

تاوەکو ئێستا مێسی هیچ لێدوانێکی لەبارەی بەشداریکردنی لە کۆپا ئەمریکا و ئۆڵێمپیاد نەداوە و چاوەڕێ دەکرێت لە داهاتووێکی نزیک لیۆ بڕیاری کۆتایی خۆی بدات و هەڵوێستی خۆی رابگەیەنێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button