قەیرانی دارایی بارسێلۆنا ناچار بە فرۆشتنی ئەستێرەیەک دەکات
چاڤی خەریکی داڕێشتنی پلانێکی درێژ مەودایە
یاریگا –
پێدەچێت قەیرانی دارایی کاریگەری لەسەر بڕیارێکی ستراتیژی بارسێلۆنا بدات.
لەوەتەی خوان لاپۆرتا وەک سەرۆکی یانە کاتالۆنییەکە دەستبەرکاربووە، قەیرانێکی دارایی قووڵ بەرۆکی یانەکەی گرتووە کە هۆکارەکەی دەکەوێتە ئەستۆی خۆسێ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆکی پێشووی یانەکە.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکانی دارایی، دەستەی کارگێڕی بارسێلۆنا داوای لە چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەکە کردووە، دەستبەرداری ئەستێرەیەکی ببێت.
سەرەڕای ناڕەزایی چاڤی، بەڵام پێدەچێت رۆناڵد ئاراوخۆ لە هاوینی داهاتوودا، ریزەکانی بارسا جێبهێڵێت.
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، بەهۆی دواکەوتنی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئاراوخۆ، دەستەی کارگێڕی پەلە لە فرۆشتنی دەکات.
لە ماوەی رابردوو ئاستی ئاراوخۆ دابەزیوە، بە تایبەت لە یارییەکەی بەرامبەر پاریس سانجێرمان لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ و بەرامبەر ڤالێنسیا لە لالیگا.
پێشتر بایرن میونش و مانچێستەر یونایتد نیازی پێشکەشکردنی ئۆفەرییان بە یاریزانە ئوروگواییەکە پیشاندابوو، بۆیە بارسا نایەوێت دەرفەتەکە لەدەستبدات و رێگە بە چوونە دەرەوەی دەدات.
دۆخی تیر شتیگن
سەرەڕای کەڵەکەبوونی کێشەکانی دارایی، بەڵام بارسا ئامادەنییە دەستبەداری تیر شتیگن ببێت و تەنانەت دەیەوێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.
هاوینێکی پڕ رووداو چاوەڕێی بارسا دەکات، چاڤی هەوڵی پاراستنی پێکهاتەکەی دەدات و لەلایەکی دیکەشەوە، دەیەوێت چەند یاریزانێک بگوازێتەوە، بەڵام ئەمەش پێویستی بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ دەستەی کارگێڕی هەیە.