تەنیا ماوە ئێمباپێ و ریال مەدرید لەسەر باڵۆن دۆر رێکبکەون؛ وادەی ناساندنیشی دەستنیشانکراوە
یاریگا –
ئێمباپێ و ریال مەدرید گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی گفتوگۆکانیان و تەنیا ماوە لەسەر پاداشتی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر رێکبکەون، وادەی ناساندنیشی بە میدیا و هاندەران دەستنیشانکراوە.
فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی ئیتاڵی لە چەناڵی یوتیوبی خۆی لەبارەیگفتوگۆکانی نێوان کیلیان ئێمباپێ و ریال مەدرید ئاشکرایکردووە، گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی گفتوگۆکانیان و لەسەر هەموو شتێک رێککەوتوون، ئێمباپێ هێندەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر و جود بێڵینگهام مووچە وەردەگرێت و شیرینی گرێبەستەکەشی لە 100 ملیۆن یۆرۆ زیاتر دەبێت، هەردوولا تەنیا ماوە لەسەر پاداشتی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر رێکبکەون، هێرشبەرە فەرەنسییەکە داوا دەکات، لە گرێبەستەکەی بەندێک هەبێت، ئەگەر باڵۆن دۆری بردەوە یانە ئیسپانییەکە پاداشتی بکاتەوە’.
کەی ئێمباپێ لە سانتیاگۆ بیرنابیۆ بە هاندەرانی ریال مەدرید دەناسێنرێت؟
لەلایەکی دیکە رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە ژمارەی ئەمڕۆ شەممەیدا ئاشکرایکردووە، لە مەدرید گفتوگۆ لەبارەی وادەی پێشکەشکردنی ئێمباپێ بە هاندەرانی ریال مەدرید دەکرێت، یانە مەدریدییەکە چاوەڕێ دەکات پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگ بکرێتە دەرەوە، ئینجا بەفەرمی گرێبەستی ئێمباپێ رابگەیەنێت، کە ئەمە مەرجی هێرشبەرەکەی پاریس سانجێرمان بووە.
مارکا راشیگەیاندووە، ئەگەر ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان هیچیان نەگەنە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، ئەوا پێشبینی دەکرێت لە ماوەی نێوان (27ـی مایۆ/ئایار تا 2ـی یۆنیۆ/حوزەیران) ئێمباپێ لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ وەکو یاریزانی نوێی مێرەنگی بە هاندەران و میدیاکان بناسێنرێت، کە رۆژی 18ـی مایۆ/ئایار ئەم وەرزەی خولی فەرەنسی کۆتایی دێت.
ئەگەر ریال مەدرید یان پاریس سانجێرمان بگەنە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، ئەوا ریال مەدرید لە پلانیدایە رۆژی 3 تا 6ـی یۆنیۆ/حوزەیران پێش ئەوەی ئێمباپێ بۆ یۆرۆ پەیوەندی بە کەمپی هەڵبژاردەی فەرەنسا بکات، لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە هاندەرانی بناسێنێت.
رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکراشیکردووە، لە ئێستاوە لە مەدرید ئامادەکاریی دەکرێت بۆ ئەوەی بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش و سەرسوڕهێنەر لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ هێرشبەرە نوێیەکەیان بە هاندەران بناسێنن.