
لە گەڕی هەژدەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە یانەی حدود دۆڕا.
یانەی حدود لە خولەکی 68 بە لێدانی سزا تاکە گۆڵی یاریەکەیان تۆمار کرد کاتێک ناوبژیوان گەڕایەوە ڤاڕ و دوای سەیر کردنەوەی دیمەنەکە ئەمجەد کامل ناوبژیوانی ناوەڕاستی یاریگا بڕیاری لێدانی سزای دا، یانەی هەولێر لەم بارەیەوە بەیاننامەیەکی دەرکردووە کە تیایدا دەڵێن ناوبژیوانی ڤاڕ داوا لە ناوبژیوانی ناوەڕاست دەکات کە پێش لێدانەکە فاوڵ هەیە بۆ یانەی هەولێر بەڵام ناوبژیوانی ناوەڕاست گوێی پێنادات و بە پێچەوانەوە لێدانی سزا لە سەر ئێمە هەژمار دەکات، بۆیە سکاڵای یاسایی لە سەر ئەمجەد کاملی ناوبژیوان تۆمار دەکەین، تەواوی بەیاننامەکەی یانەی هەولێر:
دەستەی کارگێڕی یانەی وەرزشی هەولێر، نیگەرانی و سەرسوڕمانی توندی خۆی رادەگەیەنێت بەرامبەر ئەو هەڵە زەق و کاریگەر و بەردەوامانەی کە ناوبژیوانان دژی یانەکەمان لە یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق ئەنجامی دەدەن سەرەڕای بوونی سیستەمی ڤار کە ئەرکی هاوکاری کردنی ناوبژیوانانە بۆ بڕیاردانی دروست لە یارییەکان، بەڵام ئەمە بۆ یانەی وەرزشی هەولێر پێچەوانە بۆتەوە و لە پەنای ئەم سیستەمەوە زوڵم و ستەمی گەورە لە یانەکەمان دەکرێت. لە یاری ئەمڕۆشمان بەرامبەر یانەی (حدود) هاوشێوەی چەند یارییەکی دیکەی رابردوو، ستەمێکی گەورە لە یانەکەمان کرا، کاتێك ناوبژیوان لێدانێکی سزای گوماناوی بۆ یانەی حدود ئەژمار کرد لە کاتێکدا پێویست بوو بەر لە حاڵەتی سزا گوماناوییەکە، لێدانی فاوڵی راستەوخۆ بۆ یانەکەمان ئەژمار بکرێت، گومانەکانیش زیاتربوون (کاتێك هەمووان بە ئاشکرا گوێبیستی گفتوگۆ و مشتومڕی توندی نێوان ناوبژیوانی یارییەکە و ناوبژیوانی ڤار بوون، کە لەوێدا ناوبژیوانی ڤار بە ناوبژیوانی یاری دەووت حاڵەتەکە فاوڵی راستەوخۆیە نەوەکو لێدانی سزا بۆ یانەی حدود) بەڵام ناوبژیوانى یاری بێ گوێدانە بڕیاری ناوبژیوانی ڤار لێدانی سزای بۆ یانەی حدود ئەژمار کرد و بەهۆیەوە یانەکەمان تووشی دۆڕان هات بە گۆڵێکی بێبەرامبەر .
لەم سۆنگەیەوە و لە پێناو پاراستنی مافی یاسایی و پاراستنی ئەنجام و بەرژەوەندی باڵای یانەکەمان، رێوشوێنی یاسایی دژی ناوبژیوانی یارییەکە (ئەمجەد کامل) دەگرینەبەر و سکاڵای یاسایی لە یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق لە دژی تۆمار دەکەین .