ئه‌ڵمانیاگرنگترین

توخێل بۆ دەستەی کارگێڕی میونشن: من تاکە کێشەی ئەم یانەیە نیم

''من تاکە کێشە نیم، بەڵام بەرپرسیارەتی هەڵدەگرم''

Yariga App

یاریگا –

تۆماس توخێل، راهێنەری بایرن میونشن رەتیدەکاتەوە، بە تەنیا لە ئەنجامە خراپەکانی یانەکە بەرپرسیار بێت.

راهێنەرە ئەڵمانییەکە هیواخوازە، یاریزانان و تیمەکەی لە دوای بڕیاری هاوبەشی خۆی و دەستەی کارگێڕی یانە باڤارییەکە بە لەیەکترجیابوونەوە لە کۆتایی وەرز، کاریگەری ئەرێنی دروست بکات.

هەرچەندە گرێبەستی توخێل و میونشن تاوەکو 2025 واژۆ کراوە، بەڵام هەردوولا رێککەوتن، توخێل لە کۆتایی ئەم وەرزە پۆستەکە جێبهێڵێت، ئەمەش دوای دۆڕانی سێ یاری بەدوای یەک. توخێل دەڵێت

ئەمە گرنگ نییە، ئایا من لە بڕیاری یانەکە تێدەگەم یاخود پێی دڵخۆشم، ئەوەی گرنگە ئێستا روونییە، چونکە روونی یاخود رۆشنایی ئازادی دێنێتە نێو یاریزانان و کاریگەری ئەرێنی لە مەشقەکان و یارییەکان دروست دەکات. ئەم بڕیارە زیاتر دەست واڵام دەکات، دەتوانم باشتر بجووڵێم و بڕیار بدەم.

لە مانگی مارس/ئاداری ساڵی رابردوودا، جولیان ناگلیسمان لە پۆستی راهێنەرایەتی میونش دوورخرایەوە و توخێل شوێنیگرتەوە. بەڵام ئەنجامەکانی وەرزی رابردووی یانە باڤارییەکە چاوەڕواننەکراو بوون، لە جامی ئەڵمانیا و چامپیۆنزلیگ دەرکرا و لە دوا خولەکەکاندا نازناوی بۆندسلیگای بەدەستهێنا.

لەم وەرزەدا، توخێل نەیتوانی تەواو کۆنتڕۆڵی یانەکەی بکات، دوای 10 ساڵ خەریکە نازناوی بۆندسلیگا لەدەستدەدات و لە جامی ئەڵمانیاش لەسەر دەستی یانەی ساربروکێن، کە لە خولی پلەسێ یاری دەکات، دەرکرا و لە یاری چوونی قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگیش، بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام بە لازیۆ دۆڕا.

هەرگیز هەستم نەکردووە، ستافی راهێنەران لە یاریزانان دوورکەوتبنەوە، بەڵام جیاوازییەکی زۆر لە نێوان مەشقەکان و یارییەکاندا هەیە و لێرەدا، راهێنەر بەرپرسیارە. پێم وانییە بە تەنیا بەرپرسیار بم، بەڵام بەرپرسیارەتی هەڵدەگرم، هەرچەندە بە شێوازی یارییەکان دڵخۆش نیم و ماوەیەکی درێژە نیگەرانم. ئێستا بە دۆخێکی نوێدا تێدەپەڕین، بەڵام من تاکە کێشەی یانەکە نیم.

بایرن کە 11 ساڵە لەسەریەک نازناوی بۆندسلیگا دەباتەوە، ئێستا بە جیاوازی هەشت خاڵ لە دواوەی بایەر لیڤەرکوزن دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button