دوای ئێمباپێ برایەکەشی دەچێتە ریال مەدرید؟
یاریگا –
دوای ئەوەی کیلیان ئێمباپێ بە یاریزانانی پاریس سانجێرمانی راگەیاند هاوینی داهاتوو یانەکە بەجێدەهێڵێت، ئێستا هەمووان دەپرسن چارەنووسی ئیتانی برای لە یانەکە چی بەسەر دێت، کە ئەویش هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی کۆتایی دێت.
رۆژنامەی لۆپاریزیانی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، دوێنێ هەینی (16ـی فێبرایەری 2024) کاتێک کیلیان ئێمباپێ قسەی بۆ یاریزانانی پاریس سانجێرمان کردووە و پێی راگەیاندوون هاوینی داهاتوو یانەکە بەجێدەهێڵێت، یاریزانەکان چەپڵەیان بۆ لێداوە، یەکێک لەو یاریزانانە ئیتان برایە 17 ساڵانەکەی ئێمباپێ بووە.
دوای قسەکانی ئێمباپێ، لویز ئێنریکی راهێنەری پاریس سانجێرمان رووی لە ئیتان کردووە و پێی گوتووە تۆش هاوینی داهاتوو بارگەت کۆدەکەیەوە و دەڕۆی؟ لە وەڵامدا ئیتان گوتویەتی :’نەخێر، من کوڕی یانەی پاریس سانجێرمانم’.
دوو مانگ لەمەوبەر ئیتان یەکەم یاریی خۆی لە خولی فەرەنسی کرد و رۆژی 17ـی دیسەمبەر بەرامبەر میتز لەلایەن لویز ئێنریکی دەرفەتی یاریکردنی پێدرا.
ئیتان ئێمباپێ 29ـی دیسەمبەر/کانوونی یەکەمی 2006 لەدایکبووە، لە ئەکادیمیای یانەی بۆندی فەرەنسی دەستی بە یاریی کردووە، ساڵی 2017 پەیوەندیی بە لاوانی یانەی پاریس سانجێرمان کردووە، ئیتان ساڵی 2021 یەکەم گرێبەستی پیشەگەری لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان کرد هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس کۆتایی دێت.