ئاسیاجامی ئاسیا 2023عێراقگرنگترین

دانیلۆ؛ ئەو یاریزانەی چیلی لەپێناوی عێراق رەتکردەوە و گرانبەهاترین یاریزانی هەڵبژاردەکەیە دوورخرایەوە

Yariga App

یاریگا –

جارێکی دیکە کێشەی یاریزانانی تاراوگەنشین لە هەڵبژاردەی عێراق سەریهەڵداوەتەوە و یاریزانێکی تاراوگەنشین لە هەڵبژاردەکە یاخی بووە.

دوای ئەوەی دانیلۆ سەعید یاریزانی لاو لە یاریی یەکەمی جامی نەتەوەکانی ئاسیا بەرامبەر ئیندۆنیزیا لەلایەن خیسۆس کاساسەوە بانگهێشتی یارییەکە نەکرا و هاوشانی ئاکام هاشم و ئالان محێدین لەسەر پەیژەکانەوە سەیری یارییەکەی دەکرد، لە هەڵبژاردەکە یاخی بووە و بڕیاریداوە شاندی هەڵبژاردەکە لە قەتەڕ بەجێبهێڵێت.

گرانبەهاترین یاریزانی هەڵبژاردەکەیە، کەچی پشتگوێ خراوە!

دانیلۆ سەعید (24 ساڵان) لە یانەی ساندێفیۆردی نەرویجی یاریی دەکات و لە بەگوێرەی ترانسفێر مارکێت لە بۆرسەی یاریزانان نرخەکەی 1.5 ملیۆن یۆرۆیە، لەکاتێکدا زیدان ئیقبال ناوەڕاستکاری ئۆترێختی هۆڵەندی دووەم گرانبەهاترین یاریزانی هەڵبژاردەکەیە و نرخەکەی ملیۆنێک یۆرۆیە.

دانیلۆ سەعید کە لە باڵی چەپ یاریی دەکات، تاوەکو ئێستا تەنیا دوو یاریی بە درێسی هەڵبژاردەی عێراق ئەنجام داوە، لە پاڵەوانێتی دۆستانەی نێودەوڵەتی ئوردن، بەرامبەر ئوردن و قەتەڕ یاریی کرد، پێش دەستپێکردنی جامی ئاسیاش، لە یاریی بەرامبەر کۆریای باشوور لە نیوەی دووەم هاتە شوێنی عەلی جاسم 45 خولەک یاریی کرد، بە گشتی دانیلۆ 153 خولەک بە درێسی شێرەکانی رافیدەین یاریی کردووە.

دانیلۆ لە ساڵی 2023 لەگەڵ یانەی ساندێفیۆردی نەرویجی لە خولی نایابی نەرویج لە 29 یاری، دوو هەزار و 411 خولەک یاریی کرد، 11 گۆڵ و 2 ئەسیستی کردووە.

کاساس ئامادە نییە دانیلۆ وەربگرێتەوە

دوای ئەوەی دانیلۆ بڕیاریدا کەمپی مەشق و راهێنانی هەڵبژاردەی عێراق بەجێبهێڵێت و رەتیکردبووەوە لەگەڵ هەڵبژاردەکەی لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا بەردەوام بێت، عەدنان درجال سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق هەوڵیدابوو ئەو یاریزانە رازی بکات لە قەتەر لەگەڵ هەڵبژاردەکەیان بەردەوام بێت، بەڵام کاساس ئامادە نییە وەریبگرێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی دانیلۆ رازیکرابوو لە هەڵبژاردەکە بەردەوام بێت، بەڵام خیسۆس کاساس راهێنەری هەڵبژاردەکە رەتیکردووەتەوە ئەو یاریزانە وەربگرێتەوە، ئەمڕۆش هەڵبژاردەکە دوور لە چاوی کامێراکان مەشق و راهێنانەکانی بە داخراوی ئەنجام دەدات.

درەنگانی شەوی رابردوو یونس مەحموود جێگری دووەمی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند، کێشەی نێوان دانیلۆ و راهێنەریان چارەسەر کردووە، بەڵام بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان کاساس ئەو یاریزانەی رەتکردووەتەوە و سوورە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردەکە بەجێبهێڵێت.

پێشتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی چیلی هەوڵیدابوو دانیلۆ رازی بکات یاریی بۆ هەڵبژارتدەی چیلی بکات، بەڵام ئەو یاریزانە رەتیکردبووەوە، لەوانەیە ئەو یاریزانە بیر لەوە بکاتەوە درێسی هەڵبژاردەی چیلی بپۆشێت و لە یارییە نێودەوڵەتییەکان یاریی بۆ شێرەکانی رافیدەین نەکات.

یاخیبوونی یاریزانانی تاراوگە لە هەڵبژاردەی عێراق نوێ نییە

یەکەمجار نییە یاریزانێکی تاراوگەنشین لە هەڵبژاردەی عێراق کێشەی هەبێت، دانیلۆ سەعید یەکەم یاریزانی تاراوگە نییە هەست بکات لە هەڵبژاردەکە زوڵمی لێ دەکرێت، پێشتریش ژیلوان حەمەد و جەستن میرام و ئەحمەد یاسین نەیانتوانی لە هەڵبژاردەکە تەمەنیان درێژ بێت و دەرفەتی پێویستیان پێنەدرا.

لەسەر ئاستی تۆپی پێی عێراق ململانێی یاریزانە خۆماڵییەکان و یاریزانەکانی تاراوگە چیرۆکێکی درێژی هەیە، بۆ جامی نەتەوەکانی ئاسیا تەنیا نۆ یاریزان لە ناوخۆی عێراق بانگهێشت کراون، دوای دەستبەکاربوونی عەدنان درجال وەکو سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، ژمارەی یاریزانانی تاراوگە لە هەڵبژاردەی عێراق رۆژ لەدوای رۆژ لەزیادبوون دایە.

بابەتی زیاتر

Back to top button