عێراقگرنگترین

لوئەی سەڵاح کێشە داراییەکانی یانەی هەولێر قووڵتر دەکاتەوە؛ دەبێت بەزووترین کات 210 ملیۆن دینار بدات

Yariga App

یاریگا –

لوئەی سەڵاح کێشە داراییەکانی یانەی هەولێر قووڵتر دەکاتەوە و یانەکەی کوردستان ناچار دەبێت 210 ملیۆن دینار بە یاریزانەکەی پێشووی بدات.

لوئەی سەڵاح راهێنەری ئێستای یانەی کارەبا و یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتی بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند :’لە دادگا سکاڵایەکەم لە یانەی هەولێر بردەوە و بەگوێرەی بڕیاری دادگا، یانەی هەولێر دەبێت پابەند بێت بە پێدانی ئەو بڕە پارەیەی کە لێژنەی تێهەڵچوونەوە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەستنیشانی کردووە، بەگوێرەی بڕیاری دادگا دەبێت یانەی هەولێر 210 ملیۆن دینار وەکو شایستەی داراییەکانی گرێبەستەکانم لە سەردەمی یاریکردنم بە من بدات’.

هەروەها لوئەی سەڵاح گوتیشی :’دادگا بڕیارەکەی ئاڕاستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کردووە و یانەی هەولێر مافی تانەدانیشی لەو بڕیارەی دادگا نییە، دەبێت بە زووترین کات 210 ملیۆن دینارم پێبدرێت’.

پێش دەستپێکی ئەم وەرزە لوئەی سەڵاح لە لێژنەی کاروباری یاریزانان و راهێنەران سکاڵای لەسەر یانەی هەولێر تۆمارکرد و داوای 430 ملیۆن دیناری لە یانەکەی قەڵاومنارە دەکرد، لوئەی سەڵاح کە ئێستا راهێنەرایەتی یانەی کارەبا دەکات پێشتر لە ساڵانی 2007 تاوەکو 2015 لە ریزی یانەی هەولیر یاریی کردووە و چەند جارێک لە رێگای دادگای وەرزشی و فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و ئاسیا سکاڵای لەسەر یانەی هەولێر تۆمارکردووە و داوای پارەی گرێبەستی وەرزی 2014/2015 لە یانەی هەولێر دەکات کە سێ وەرز لەسەر یەک لەگەڵ یانەکەی پایتەخت بووە پاڵەوانی خولی نایابی عێراق.

لە دەستپێکی ئەم وەرزە لێژنەی تێهەڵچوونەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاریدا یانەی هەولێر دوو بڕە پارە بە لوئەی سەڵاح بدات، بڕێکیان 34 ملیۆن دینارە و بڕێکیشیان نزیکەی 176 ملیۆن دینارە.

بابەتی زیاتر

Back to top button