بازاڕی گواستنه‌وه‌فه‌ره‌نساگرنگترین

بژاردەکانی بەردەم کیلیان ئێمباپێ چین؟

تۆڕی وەرزشی یاریگا بژاردەکانی بەردەم داهاتووی کیلیان دەخاتەڕوو

Yariga App

یاریگا –

رەنگە کیلیان ئێمباپێ ببێتە گەورەترین گواستنەوەی بەخۆڕایی مێژووی تۆپی پێ.

ئەستێرە فەرەنسییەکە بە یەکێک لە باشترینەکانی جیهان دادەندرێت و چەندین ساڵە میدیاکان بە گواستنەوەی لە پاریس سانجێرمانەوە بۆ ریال مەدرید سەرقاڵە.

گرێبەستی ئێستای پاریس لە هاوینی 2024 بەسەردەچێت، بۆیە لە سبەی دووشەممەوە، هەر یانەیەک خوازیاری گواستنەوەی ئێمباپێ بێت، دەتوانێت گفتوگۆکانی لەگەڵ دەستپێبکات، بەبێ گەڕانەوە بۆ یانە پاریسییەکە.

تۆڕی وەرزشی یاریگا بژاردەکانی بەردەم کیلیان ئێمباپێ بە وردی باس دەکات

ریال مەدرید

یانە ئیسپانییەکە یەکێکە لە نزیکترین یانەکان بۆ بەدەستهێنانی واژۆی ئەستێرە فەرەنسییەکە.

ریال مەدرید دەمێکە بە دوای ئێمباپێوەیە، لە هاوینی ساڵی 2021، لۆس بلانکۆس بڕی 171 ملیۆن پاوەندی بۆ گواستنەوەی تەرخان کرد، بەڵام پاریس ئۆفەرەکەی رەتکردەوە، ئەمەش دەنگۆی زۆری بۆ گواستنەوەی بەخۆڕایی لە هاوینی ساڵی 2022 دروستکرد. بەڵام ئێمباپێ جارێکی دیکە هەمووانی شۆک کرد و بڕیاری مانەوە و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیدا.

گرنگیپێدانی ریال مەدرید بە ئێمباپێ راستەقینەیە، دەیەوێت هەرچۆنێک بێت، کیلیان بگوازێتەوە سانتیاگۆ بێرنابیۆ. بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە و پێشبینی دەکرێت، لە هەفتەی یەکەمی ساڵی نوێدا، مەدرید جموجۆڵەکانی دەستپێبکات.

لیڤەرپوول

هەرچەندە ریال مەدرید، نزیکترین یانەیە لە کیلیان، بەڵام لیڤەرپوول هەرگیز لە دواوە نەبووە و هەوڵی گواستنەوەی داوە.

لیڤەرپوول لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ دۆزینەوەی شوێنگرەوەی محەمەد سەڵاح دەکات، چونکە پێشبینی دەکرێت لە هاوینی داهاتوودا، ئەستێرە میسڕییەکە پەیوەندی بە یانەی ئیتیحادی سعودییەوە بکات.

لۆیک تانزی، رۆژنامەنووسی دیاری رۆژنامەی لیکیپ بە TalkSPORTی راگەیاند

ئەوکاتەی ئێمباپێ یاری بۆ مۆناکۆ دەکرد، لیڤەرپوول دەیەویست گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ بکات. ئەوکاتە کڵۆپ ئامادەی یارییەکی مۆناکۆ بوو، گفتوگۆکان لە نێو فڕۆکەوە دەستیانپێکردبوو. ئێمباپێ پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کڵۆپ و لیڤەرپوول هەیە. پێم وایە دەرفەتی گواستنەوەی بۆ لیڤەرپوول لە ئارادایە.

هەرچەندە لیڤەرپوول توانای خەرجکردنی پارەی زەبەلاحی بۆ گواستنەوەی یاریزانان نییە، بەڵام ئەمجارە دەرفەتەکە زێڕینە و بەخۆڕایی دەتوانێت یاری بۆ یانەکەی مێرسیساید بکات. تەنیا ئەوەی پێویستە، دابینکردنی مووچەیەکی بەرزە.

ئەگەر کیلیان پەیوەندی بە ریال مەدرید نەکات، ئەوا بە دڵنیاییەوە لیڤەرپوول دەرفەتی لە یانەکانی دیکە زیاترە.

مانەوە لە پاریس سانجێرمان

چوونە دەرەوەی کیلیان لە پاریس، ئەگەرێکی بەهێزە، بەڵام رووداوەکانی رابردوو، بۆمان دووپاتدەکاتەوە، هەرگیز ئەگەرەکان لە بەردەم یانە پاریسییەکە نامێنن و چارەسەریان لایە.

پاریس بە پاڵپشتی پارەی قەتەڕییەکان، ئامادەیە گرانترین گرێبەست پێشکەشی ئێمباپێ بکات، چونکە لەڕووی داراییەوە، ناسڕ خلێفی، درێخی ناکات.

پاریس سانجێرمان دەتوانێت ئەستێرە فەرەنسییەکە رازی بکاتەوە و گرێبەستەکەی هەرچی نەبێت، بۆ ساڵێکی دیکە نوێبکاتەوە.

سعودیە

کاتێک لە هاوینی رابردوودا، دۆخی کیلیان لە پاریس ناجێگیر بوو، ئۆفەری خەیاڵی لە سعودییەوە گەیشتە ئێمباپێ و بووە بابەتی سەرەکی هەوادارانی ئەستێرەکە.

هیلال ئامادەبوو بڕی 257 ملیۆن پاوەند وەک مووچەی ساڵانە پێشکەشی کیلیان بکات، بەمەش دەبووە گرانترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ.

هەرچەندە ئێمباپێ رەتیکردەوە هیچ گفتوگۆییەک لەگەڵ یانەکەی سعودیە بکات، بەڵام پارە زۆرەکەی سعودیە بەردەوام هەڕەشەیە بۆ سەر ریال مەدرید و لیڤەرپوول.

چێڵسی

کاتێک باسی گواستنەوەکان دەکرێت، نابێ چێڵسی لە هاوکێشەکان دووربخرێتەوە، چونکە گەنجینەکانیان پڕ پارەن.

هەرگیز دوورنییە چێڵسی بڕە پارەیەکی زۆر لە گواستنەوەکان خەرج بکات، جا چ ئەوەی بێتە سەر گواستنەوەی بێ بەرامبەری یاریزانێکی وەک کیلیان ئێمباپێ.

بلووز ئامادەیە مووچەی داواکراو بۆ ئێمباپێ دابین بکات، بەڵام چێڵسی کۆمەڵێک کێشەی دیکەی هونەری هەیە، رەنگە رێگر بن لە پەیوەندیکردنی کیلیان بە یانەکەی باکووری لەندەن.

ئاستەنگی گەورەی بەردەم چێڵسی، گەیشتنی یانەکەیە بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، هەرچەندە ئەمە کارێکی ئەستەمە، بەڵام لە پرێمەرلیگ هەموو شتێک ئەگەری روودانی هەیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button