دەرئەنجامی ئەنجامە خراپەکانی مانچێستەر یونایتد لە چامپیۆنزلیگ
یاریگا
رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاویکردەوە، یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگڵتەرا، بودجەی خۆی بە پشتبەستن بە گەیشتنی یانەکەیان بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ ئامادە کردبوو، بەڵام بەهۆی دوورخستنەوەی تیپەکەی تێن هاگ دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە بودجەی یانەکە.
لە ئەگەری سەرکەوتنی شەیتانە سوورەکان بۆ قۆناغی شازدەی چامپیۆنزلیگ، ئەو کات یانەکە نزیکەی 27.7 ملیۆن یۆرۆی بەدەست دەهێنا، بەڵام شکستەکانی ئەو یانەیە و دوورخستنەوەیان هەر لە قۆناغی کۆمەڵەکان، گۆڕانکاری نەرێنی لە بودجەی یانەکە، بۆ گواستنەوەی یاریزانی نوێ لە بازاڕی گواستنەوەی زستانە دەکات.
بەهۆی زیانە داراییەکانی ئەم دواییە، مانچێستەر یونایتد هەوڵی فرۆشتنی چەند یاریزانێکی لە سەرەتای ساڵی 2024 دەدات. شەیتانە سوورەکان پێدەچێت زستانی داهاتوو زۆر چالاک نەبێت لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان، بەڵام ئامادەیی هەیە بۆ دەستبەرداربوون لە جەیدن سانچۆ و دۆنی ڤان دی بیک و ئەنتۆنی مارسیال و کاسیمیرۆ و هەروەها ڕافایل ڤاران.
ڤاران ئارەزوو دەکات لەگەڵ یانەکەی بەردەوام بێت، بەڵام پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئێریک تێن هاگ لە دۆخێکی ئاساییدا نییە. هەروەها کاسیمیرۆ لە لیستی دەرچوونەکانی شەیتانە سوورەکاندایە ئەویش بەهۆی مووچە زۆرەکەی.