چاڤی داوای مانەوەی جواو فێلیکس دەکات
یاریگا –
چاڤی هێرناندێز ئارەزووی خۆی بۆ مانەوەی جواو فێلیکس لە ریزەکانی یانەکەی راگەیاند.
شەوی رابردوو لە یاری لوتکەی گەڕی پازدەی لالیگا، بارسێلۆنا لە یاریگای مۆنجویک میوانداری ئاتلێتیکۆ مەدریدی کرد، یارییەکەشی بە تاکە گۆڵیکی جواو فێلیکس لە بەرژەوەندی خۆی بە کۆتا هێنا.
هێرشبەرە پۆرتوگالییەکە لە دواساتەکانی مێرکاتۆی هاوینە بە شێوەی خواستن لە ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە پەیوەندی بە یانە کاتالۆنییەکە کرد، ئەمەش دوای ئەوەی بە ئاشکرا رایگەیاند کە خەون بە یاریکردن بۆ بارسا دەبینێت.
چاڤی راهێنەری یانەکەش لە نوێترین لێدوانی، کە رۆژنامەنووس فابریزیۆ رۆمانۆ بڵاویکردووەتەوە، ئارەزووی خۆی بۆ مانەوەی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە رادەگەیەنێت. داوا لە بەرپرسانی یانەکەی دەکات پارێزگاری لەو یاریزانە بکەن.
جواو دەمێنێتەوە یان دەڕوات؟ پێویستە ئەوە لە بۆردی یانەکە بپرسن، من زۆر دڵخۆشم لەگەڵیدا، کوڕێکی نایابە، لە ژووری خۆگۆڕینیش قسە خۆش و کۆمیدییە، ئارەزوو دەکەم لەگەڵمان بەردەوامبێت.
لێرە زۆر دڵخۆشە، زۆر یاریزانێکی کێبڕکێکاریشە، هەروەها پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ جواو کانسێلۆ هەیە.
ئەستێرە تەمەن 24 ساڵانییەکە بەخێرایی خۆی لەگەڵ یانە نوێیەکەی گونجاند، لەم وەرزە لە 17 یاریدا 5 گۆڵی بۆ بارسا کردووە و 3 گۆڵیشی درووستکردووە.
💙❤️ pic.twitter.com/b1P68UCNYn
— LALIGA (@LaLiga) December 3, 2023