پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی یاریگای شەعب لە بەغدا گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و بۆ یارییەکانی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئامادە بێت.
وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق لە هەژمارەکانی فەرمی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا، چەند وێنەیەکی یاریگای شەعبی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، نۆژەنکردنەوەی یاریگایەکە گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی، کە تەواوی کورسییەکانی یاریگایەکە و چیمەنەکەی و ژووری جلگۆڕین و بەشەکانی دیکەی یاریگایەکە گۆڕدراون.
عەلا ئەحمەد زیدان، بەڕێوەبەری یاریگای شەعب لەبارەی نۆژەنکردنەوەی یاریگایەکە رایگەیاندووە:’کارەکان گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی و ئێستا کورسییەکانی یاریگایەکە بە تەواوی ئامادەن بۆ پێشوازیکردنی هاندەران، هەزار و 500 کورسی بۆ یاریگایەکە زیادکراوە بۆ ئەوەی بتوانێت پێشوازیی لە ژمارەیەکی زیاتری هاندەران بکات’.
یاریگای شەعب ساڵی 1966 دروستکراوە و چوارەمجارە ئەم یاریگایە نۆژەن دەکرێتەوە، پێشتر ساڵانی 2005 و 2010 و 2015 یاریگایەکە نۆژەن کراوەتەوە، یاریگایەکە شوێنی 45 هەزار هاندەر دەگرێت و یاریی یانە گەورەکانی بەغدا لەم یاریگایە بەڕێوە دەچێت.
وابڕیارە دوای تەواو ئامادەبوونی یاریگایەکە، سیستەمی ڤاریش لەو یاریگایە دابنرێت و یاریگایەکە پێشوازیی لە یارییەکانی یانە گەورەکانی بەغدا لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بکات.