هۆکار چییە مێسی لە یارییەکانی بەرامبەر بەڕازیل حاڵی پەرێشانە؟
ئامارەکانی لیۆ بەرامبەر سێلیساو خراپن
مێسی گەرچی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئارجێنتینا لە یارییە نێودەوڵەتییەکان خاوەنی ریکۆرد و نازناوی مەزنە، بەڵام هەر کاتێک لیۆ بەرامبەر بەڕازیل یاریی کردبێت حاڵی پەرێشان بووە، ئامارەکانی جادووگەرە ئارجێنتینییەکە بەرامبەر سەماکارانی سامبا هەژارە.
بەرەبەیانی چوارشەممە کاتژمێر 03:30 لە گەڕی شەشەمی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2026 ئارجێنتینا لە یاریگای ماراکانا دەبێتە میوانی بەڕازیل، تانگۆ بە کۆکردنەوەی 12 گۆڵ پێشەنگی گرتووە و بەڕازیلیش بە 7 خاڵ لە پلەی پێنجەم دێت.
تانگۆ لە دوایین یاریی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە ئۆرۆگوای دۆڕا و مێسی پێش ئەوەی لە یاریی سوپەر کلاسیکۆ رووبەڕووی بەڕازیل بێتەوە، لەگەڵ تانگۆ کۆتایی بە زنجیرەی یارییەکانی بەبێ دۆڕان هات.
مێسی 13 جار رووبەڕووی بەڕازیل بووەتەوە
لیۆنێل مێسی لە کۆی 13 رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەڕازیل، ئامارەکانی هێندە باش نین شایستەی گێڕانەوە بن، لیۆ بەرامبەر سێلیساو 6 جار تووشی دۆڕان بووە و 2 جار یەکسان بووە و 5 بردنەوەشی بەدەستهێناوە، مێسی تەنیا 5 گۆڵی بەرامبەر بەڕازیل کردووە کە 3 گۆڵی لە یارییە دۆستانەکان بووە.
مێسی هەرگیز لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال نەیتوانیوە لە بەڕازیل بباتەوە و هەرگیزیش نەیتوانیوە لە پاڵاوتنەکان گۆڵ لە سێلیساو بکات.
مێسی بەرامبەر بەرگریکارە بەڕازیلییەکان کلیل ون دەکات
مێسی لە یارییەکانی بەرامبەر سێلیساو کاتێک رووبەڕووی تیاگۆ سیلڤا، مارکینهۆس، مارسیلۆ و دانی ئالڤێس و ئیدێر میلیتاو دەبووەوە ون دەبوو، کلیلی گۆڵکردن و یەکلاکردنەوەی ئەنجامی یارییەکانی ون دەکرد، لەو یارییانەی کاسیمێرۆ ناوەڕاستکاری بەڕازیلی ئامادەبووایە بە تەواوەتی لیۆ گەمارۆ دەدرا و کەمترین دەرفەتی هەبوو بۆ ئەوەی یاریی بە تۆپ بکات.
لە کۆپا ئەمریکای 2019 دوای ئەوەی مێسی لە قۆناخی پێش کۆتایی 2-0 بە بەڕازیل دۆڕا، دوای یارییەکە زۆر بە توندی هێرشی کردە سەر ناوبژیوانی یارییەکە و کۆنمیبۆلی بە گەندەڵ وەسف کرد و گوتی ‘ئێمە ناچار نین ببینە قوربانی ئەو گەندەڵییە’.
لیۆ لە دوایین رووبەڕووبوونەوەی یادگارییەکی خۆشی بەرامبەر سێلیساو نووسییەوە، کۆتایی بە سەردەمی بێ نازناوی ئارجێنتینا هێنا و لەسەر خاکی بەڕازیل لە یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەڕازیلیان بردەوە.