ئاسیاعێراقگرنگترین

مێرخاس دۆسکی: هەرچی لەدەستمان بێت دەیکەین بۆ ئەوەی عێراق بگاتە مۆندیالی 2026

سبەی عێراق یەکەم یاریی خۆی لە پاڵاوتنەکان ئەنجام دەدات

Yariga App

مێرخاس دۆسکی بەرگریکاری کورد دەڵێت ‘هەرچی لەتوانایاندا بێت دەیکەن بۆ ئەوەی بتوانن هەڵبژاردەی عێراق بگەیەننە مۆندیالی داهاتوو’.

مێرخاس دۆسکی بەرگریکاری پیشەگەری کورد دوای گەیشتنی بۆ بەسرە و بەشداریکردنی لە راهێنانەکانی هەڵبژاردەی عێراق، لە لێدوانێکی بۆ میدیا عێراقییەکان رایگەیاند:’هەر کاتێک درێسی هەڵبژاردەی عێراق دەپۆشم بە ساتێکی تایبەتدا تێدەپەڕم، بۆ من جێگای شانازیی و خۆشبەختییە کە لێرەم، هەربۆیە دەمەوێت هەرچییەک لە توانامدا بێت لە خزمەتی هەڵبژاردەکەمان بیکەم’.

هەروەها گوتیشی:’من پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ کاساسی راهێنەر و تەواوی یاریزانەکانی هەڵبژاردەکەمان هەیە، بەردەوام دوای یارییەکانم لەگەڵ یانەکەم نامەم بۆ دەنێرن و تەلەفۆنم بۆ دەکەن و دەستخۆشیم لێ دەکەن، هانم دەدەن بۆ ئەوەی بتوانم ئاستێکی بەرزتر پێشکەش بکەم’.

کوڕە دۆسکییەکە کە لە ریزی یانەی سلۆڤاکۆی چیکی یاریی دەکات و لەم وەرزە لە 13 یاریی بە درێسی ئەو یانە چیکییە گۆڵێک و ئەسیستێکی کردووە، لەبارەی سەرکەوتنیان بۆ مۆندیال گوتیشی :’ئێمە ئەوەی لە تواناماندا بێت دیەکەین بۆ ئەوەی بتوانین هەڵبژاردەکەمان بگەیەنینە مۆندیالی 2026، من متمانەی تەواوم بە یاریزانەکانی هەڵبژاردەکەمان هەیە، خاوەنی کۆمەڵێک یاریزانی بەهرەمەندین، دڵنیام دەتوانین ئەنجمای باش بەدەست بهێنین’.

سبەی پێنجشەممە عێراق لە یەکەم یاریی خۆی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 لە بەسرە میوانداریی ئیندۆنیزیا دەکات.

مێرخاس دۆسکی ساڵی 1999 لە شاری هانۆڤەر لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، لە هێلی بەرگری لای چەپ یاریی دەکات و پێنج یاریی نێودەوڵەتی بە درێسی هەڵبژاردەی عێراق کردووە.

مێرخاس دۆسکی
مێرخاس دۆسکی

بابەتی زیاتر

Back to top button