هاهوو لە هێندەرسن کرا و ساوزگەیت وەڵام دەداتەوە
شەوی رابردوو هاندەرانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا هاهوویان لە جۆردان هێندرسن ی یاریزانی خۆیان کرد و ساوزگەیتیش بەرگری لەو یاریزانە دەکات.
هێندەرسن هاوینی ئەمساڵ هاوشێوەی زۆرێک لە یاریزانە ئەورووپییەکان چووە خولی سعوودی بەڵام هەرزوو لەلایەن هاندەرانی وڵاتەکەیەوە بە دوو روو ناوبرا بەهۆی ئەوەی پێشتر بەرگری لە مافی هاوڕەگەزخوازان دەکرد و ئێستا دەچێتە وڵاتێکی ئیسلامی.
دوای یارییەکە گاریس ساوزگەیتی راهێنەری ئینگلتەرا بۆ سکای سپۆرت سەبارەت بە هاهوو هوتاف کێشان دژی هێندەرسن وتی
رۆڵی ئەو لە ناوەوە و دەرەوەی یاریگا زۆر گرنگە، ئەو یاریزانی وەکو بێڵینگهامی خستووەتە ژێر باڵی خۆی و رێنموونی دەکات. ئەو نموونەیەکی باڵایە لە هەموو رووییەکەوە. هەندێک کەس ئالوودەبوون لەسەر هاهوو کردن و تێناگەم بۆ وا دەکەن. هیچ روونکردنەوەیەکم نیە بۆ ئەوەی تێبگەم بە چ بیانووییەک ئەو کارە دەکەن. رۆژی سێ شەممە هەر لەم یاریگایە بەرامبەر ئیتاڵیا یاری دەکەین و پێویستە هەمووان پشتگیری یاریزانەکانمان بکەن. ئەو لەنێو یاریگاش ئاستێکی بەرزی نیشاندا و رۆڵێکی سەرکردانەی گێڕا.
یارییەکەی ئینگلتەرا دۆستانە بوو بەرامبەر ئوستراڵیا کە تێیدا بە گۆڵێکی ئۆلی واتکینس براوە بوون. بەڵام یارییەکەی بەرامبەر ئیتاڵیا لە 17ی ئەم مانگەدا لە میانەی پاڵاوتنەکانی یۆرۆی ساڵی داهاتووە.