ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

جارێکی دیکە دەبێ لەسەر بێڵینگهام بنووسم !

Yariga App

یاریگا و ئاتلێتیک –

ئیتر وایلێهاتووە، هەفتانە راپۆرتێکی تێروتەسەل لەسەر جود بێڵینگهام بنووسرێت، چونکە گەوهەرە ئینگلیزییەکە، هەموو یارییەک شتێکی نوێ دەکات و سەرنجی هەمووان رادەکێشێت.

لە یاری رابردوو بەرامبەر ئۆساسونا، چاوەکان لەسەر کارلۆ ئانچێلۆتی بوون، چۆن کێشەکانی هێڵی بەرگری چارەسەر دەکات، چاومان لەسەر ئەوەبوو، ئۆرێلیەن چوامینی چۆن دەتوانێت لە شوێنە نوێیەکەی یاری بکات، بەڵام نا، هەموو بەلایەک و جارێکی دیکە چاوەکان چوونەوە سەر جود ڤیکتۆر ویلیام بێڵینگهام.

با سەرەتا باسی ستایڵی ئەستێرەی پێشووی بۆڕووسیا دۆرتموند بکەین

ژمارەی پاسە دروستەکانی لەم وەرزەدا، لە هەموو یاریزانێکی پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا زیاترە، توخمێکی مەسعود ئۆزێلی تێدایە بۆ جووڵانەوە و دروستکردنی پاس. بێڵینگهام بەبێ تۆپ لە هەموو شوێنێک دەبینیت، بەڵام کە دێتە سەر فشار دروستکردن، هاوشێوەی لوکا مۆدریچ، دەبێتە مایسترۆ و ئۆرکێسترا بەڕێوەدەبات. یاخود ئاستێک بەرزتر و دەبێتە زینەدین زیدان و نەخشەی ناوازە لە یاریگا دروست دەکات. 

بێڵینگهام زیاتر خۆیەتی و ریشەکانی توند چەقاندووە. دەتوانێت بەرگری بکات و هاوشێوەی مامز بەخێرایی بگەڕێتەوە. کە تۆپ دەگاتە پێیەکانی جود، پێشبینی هەموو شتێکی لێدەکرێت. یاریزان ببڕێت، پاس بدات، بگەڕێتەوە یاخود بە شێوەیەکی جادووگەرانە تۆپەکە بخاتە پشتی بەرگریکاران. بەڵام بژاردە کراوەکە بریتییە لە گۆڵ کردن و دووبارەکردنەوەی ئاهەنگگێڕانە بەناوبانگەکەی.

کە دەچیتە یارییەکی ریال مەدرید، لە دەرەوەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، سەدان وێنەی بێڵینگهام دەبینیت، هەر لە ملپێچ، بانەر، وێنەی پۆرترەیت و دەیان شێوازی دیکە. ئەمە جیا لە بینینی سەدان کەس بە درێسی بێڵینگهامەوە. دەچیتە ژوورەوە و دەبینیت هاندەران تامەزرۆی بینینی بێڵینگهامن.

کاتێک کۆمێنتاری نێو یاریگا ناوی یاریزانان دەخوێنێتەوە، هەرچەندە جود ژمارە 5 دەپۆشێت، بەڵام بە دەنگێکی بەرزەوە دەڵێت

”جووووووود بێڵینگهام”

جود بێڵینگهام
جود بێڵینگهام لە ساتی تۆمارکردنی گۆڵی دووەمدا

ئیتر هاندەران دەیکەنە ‘بەزمی’ی خۆیان و چەپڵە بۆ ئەستێرەی یەکەمی ئەم وەرزەیان لێدەدەن. ئەم سیناریۆییە بۆ هەموو یارییەک دروستە.

لە یاری بەرامبەر ئۆساسونا کە شەوی شەممە بەڕێوەچوو. جود دوو گۆڵی کرد، بەڵام هاندەران گرنگیان بە هەموو وردەکارییەکی یاریزانەکە دەدا. هاندەران تەنانەت باسیان لەو وردەکارییە دەکرد، کام یاریزان لە باوەشی گرتووە و کامە پشتگوێی خستووە !

بەدرێژایی یارییەکە، گوێبیستی دروشمی هاندەران دەبوویت ‘جود، جود، جود، بێڵینگهااااااام’.

بێڵینگهام هەرچەندە ماوەیەکی کورت لە نێو کەشی یارییەکانی ئینگلتەرا یاری کردووە، بەڵام هاوشێوەی ئەوان، لە کۆتایی یاری بە تەنیا لە یاریگا دەمێنێتەوە و چەپڵە بۆ هاندەران لێدەدات و ماچ بۆ دایکی دەنێرێت، کە بەردەوام لە سووچێکی یاریگا دادەنیشت.

لە دوای یارییەکە، وەک سیناریۆییەکی دووبارە، رۆژنامەنووسان دەچنە ژووری میدیا، تاوەکو پرسیار لە کارلۆ ئانچێلۆتی بکەن. پرسیارە هەرە دووبارەکە بریتییە لەوە، بێڵینگهام ئاستی چۆنە؟ کارلۆ لە وەڵامدا گوتی

بێڵینگهام بەردەوام وەک خۆیەتی، چەندین بژاردەی لە بەردەمە، بەڕاستی دەسپێکێکی زۆر باشی لەم وەرزەدا هەیە. هیچ یاریزانێک لە ئاستی ئەودا نەبووە، لەڕووی گۆڵکردنەوە.

دانی کارڤاخال لە پاڵ ئانچێلۆتی دانیشتبوو، هەر یەکەم پرسیاریان لەبارەی بێڵینگهامەوە لێکرد. ئیتر کەشی نێو ریال مەدرید، هەمووی بە دەوری بێڵینگهام دەسووڕێتەوە.

شتێکی دیکەش هەیە، کە یاریگا جێدەهێڵیت و دەگەڕێیتەوە، یان بە چات لەگەڵ هاوڕێکانت باسی بێڵینگهام دەکەیت. هەر زوو هاوڕێیەکی هاندەری بارسێلۆنا دەدۆزیتەوە و پێی دەڵێیت ‘کاکە بێڵینگهامت بینی؟ دە ئێوە بۆ کلاسیکۆ خۆتان ئامادە بکەن”.

دوای 30 خولەک لە تەواوبوونی یارییەکە، دەچیتە نێو سۆشیاڵ میدیا، بە زۆری وێنەی بێڵینگهام دەبینیت، دەچیتە نێو رۆژنامەکان، وێنەی بێڵینگهام و کۆمەڵێک رستەی ستایشکاری دەبینیت. ئیتر لە هەموو شوێنێک بێڵینگهامە و نازانین، چارەنووسی ئەم گەوهەرە بە کوێ دەگات.

بۆیە بێڵینگهام تکایە، هەندێ لەسەرخۆ بە، ئەو ئاستە بەرزە لە هەموو یارییەک پێشکەش مەکە، چونکە ناکرێ هەفتانە بابەتێک لەسەر ئاست و شێوازی یاریکردنت بنووسین.

بابەتی زیاتر

Back to top button