یاریگا –
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری ئیسپانی یانەی بارسێلۆنا باس لە ئامادەكارییەكانی یانەكەی دەكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی سێڤییا.
وا بڕیارە سبەی هەینی كاتژمێر 22:00 بە كاتی كوردستان بارسێلۆنا لە یاریگای تایبەت بە خۆی میوانداری سێڤییا بكات، لە میانی یارییەكانی هەفتەی هەشتەمی خولی ئیسپانیا.
لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەكەدا چاڤی ووتی: یاریکردن هەر چەند رۆژ جارێک کارەکە زۆر قورس دەکات، هەر بۆیەش ڤیدیۆ و ئامرازمان هەیە بۆ ئەوەی بتوانین کار لەسەر یاری داهاتوو بکەین، لەگەڵ ستراتیژی و راهێنانەکانی چاکبوونەوە.
سەبارەت بە پێشەنگی لالیگا لەلایەن جیڕۆناوە ووتی:
جیڕۆنا شایستەیی ئەوەن، تیپێکی گەورەیە، شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە، بەو پێیەی ساڵانێکی زۆرە کارەکانیان بە باشی ئەنجامداوە.
سەبارەت بە لامین یەمال راهێنەرە ئیسپانیەكە ووتی:
دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەین، دەزانین كە دەتوانێت لە ماوەی وەرزەكەدا هاوكاریمان بكات، ئەوە نمونەیەكی زۆر باشە كە دەبێت هاوشێوەی مامەڵە كردنی فرانك رایكارد لەگەڵ لیۆنێل مێسی مامەڵە لەگەڵ یەمال بكەین، لەسەرەتاوە تووشی پێكان بوو بۆیە دەبێت زۆر ئاگادار بین.
سەبارەت بە دۆسیەی نێگرێیرا چاڤی ووتی:
ئێوە پێشتر بۆچوونی منتان لەو بارەیەوە زانیوە، هەرگیز هەستم نەکردووە ناوبژیوان سوودی بۆ ئێمە هەبوو بێت، هەفتەی داهاتوو هەواڵێکی تر دێتە دەرەوە و دواتر هەواڵێکی تر دێتە دەرەوە بەهەمان شێوە، کاتم نییە بیری لێبکەمەوە، من تەنیا بیر لە یارییەكان و شێوازی راهێنانكردن بە یاریزانەكان دەكەمەوە، بیر لە شتی دیكە ناكەمەوە.
بارسێلۆنا بە كۆكردنەوەی 17 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی لالیگا دێت لە دوای جیرۆنای پێشەنگ و ریال مەدریدی دووەم.