یاریگا
بەرپرسانی یانەی ئیتیحادی سعوودی سوورن لەسەر گواستنەوەی محەمەد سەڵاح هێرشبەری مسڕی یانەی لیڤەرپوولی ئینگڵتەرا.
ئەمڕۆش هاوشێوەی هەفتەی رابردوو یۆرگێن کلۆپ راهێنەری یانەی لیڤەرپوول جارێکی دیکە دوپاتیکردەوە، محەمەد سەڵاح بۆ فرۆشتن نیە و هیچ ئۆفەرێکیشیان بەدەست نەگەیشتووە بۆ دەستبەرداربوون لەو یاریزانە.
سەرچاوەکانی بەریتانیاش باس لەوە دەکەن، بەرپرسانی رێدز لەسەر داوای راهێنەری ئەڵمانی بە هیچ شێوەیەک ئامادەنین دەستبەرداری گۆڵکارەکەیان بن، بەهۆی ئەوەی کاتی ئەوەیان بەردەست نیە بتوانن شوێنگرەوەی بگوازنەوە.
تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرت زانیاری دەستکەوتووە، بەرپرسانی یانەی ئیتیحاد سوورن لەسەر گواستنەوەی محەمەد سەڵاح و ئامادەن ئۆفەرێک بەرامبەر 230 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی پێشکەشی لیڤەرپوول بکەن.
لە ئەگەری رازی بوونی رێدز بەم ئۆفەرەی یانە سعودیەکەوە، ئەو کات هێرشبەرە مسڕیەکە ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار دەکات و دەبێتە گرانبەهاترین یاریزانی لە مێژووی تۆپی پێ و نرخەکەی نێیمار داسیلڤا کە 222 ملیۆن یۆرۆ تێدەپەڕێنێت.
ئەمشەو وادەی گواستنەوەی هاوینە لە پرێمەرلیگ کۆتایی دێت، بەڵام لە سعودیە تاوەکو 10 رۆژی دیکەش بەردەوام دەبێت، بۆیە یانەی ئیتیحاد تا ئەو کاتەش دەتوانێت لەسەر هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی محەمەد سەڵاح بەردەوام بێت.
محەمەد سەڵاح تاوەکو هاوینی ساڵی 2025 گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی ماوە، واتە دوو ساڵی دیکەش گرێبەستی هەیە و بەم هۆیەوە بۆی نیە بە ئارەزووی خۆی و بەبێ رەزامەندی یانەکەی جێبێڵێت.