کێپا، دێ خیا و بۆنۆ… کامیان پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە دەکات؟
یاریگا –
ریال مەدرید گفتوگۆکانی لەگەڵ چێڵسی بۆ گواستنەوەی کێپا ئاریزابالاگا خێرا کردووە.
تۆڕی هەواڵی ESPN بڵاویکردووەتەوە، بە هۆی داواکارییە گەورەکانی سێڤییا، ریال مەدرید وازی لە یاسین بۆنۆ هێنا و ئێستا خەریکی رێککەوتنە لەگەڵ چێڵسی لەسەر کێپا.
لە هەفتەی رابردوودا، چێڵسی گرێبەستی لەگەڵ رۆبێرت سانچێز، گۆڵپارێزی پێشووی برایتن کرد و دەبێتە گۆڵپارێزی ژمارە یەکی یانەکە، بۆیە لارییەکی ئەوتۆ بۆ چوونە دەرەوەی کێپا نییە.
کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید چاوی لە یاسین بۆنۆی گۆڵپارێزی نێودەوڵەتی مەغریبی بوو، بەڵام سێڤییا داوای بڕی 30 ملیۆن یۆرۆی کردبوو و لە سەرەتای ساڵی داهاتووشدا، بەشداری لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقیا دەکات، بۆیە ریال مەدرید لێی دوو دڵ بوو.
هەرچەندە ناوی دەیڤد دێ خیا، گۆڵپارێزی پێشووی مانچێستەر یونایتد لە نێو ژوورەکانی مەدرید باس دەکرا، بەڵام بە هۆی ئەوەی دێ خیا زیاتر حەزی بۆ پەیوەندی کردن بە بایرن میونشن هەبوو، بۆیە دەستەی کارگێڕی ریال مەدرید، پێنجشەممەی رابردوو یەکەمجار پەیوەندییان بە کێپاوە کرد.
لە ساڵی 2018 کێپا لە پەیوەندی کردن بە ریال مەدرید نزیکبوو، بەڵام ئەوکاتە لۆس بلانکۆس بڕیاریدا گرێبەست لەگەڵ تیبۆ کۆرتوا بکات.
کۆرتوا، یەکێکە لە دیارترین یاریزانانی مەدرید و رۆڵێکی باڵای لە دەستکەوتەکانی مەدرید گێڕاوە، بەڵام بە هۆی تووشبوونی بە پێکان، تاوەکو کۆتایی وەرز، ناتوانێت بەشداری هیچ یارییەک بکات.