ئیتاڵیاگرنگترین

“لوکاکو خیانەتێکی گەورەی لێکردین”

Yariga App

یاریگا –

خاڤیێر زانێتی، جێگری سەرۆکی یانەی ئینتەر میلان، رۆمێلو لوکاکوی بەلجیکی بە خیانەتکار ناودەبات.

رۆمێلۆ لوکاکو، لەم هاوینە ماوەی خواستنەکەی لەگەڵ ئینتەر میلان کۆتایی هات، یانە ئیتاڵییەکە لەگەڵ یانەی چێڵسی لە گفتوگۆدابوو تا گرێبەستی یاریزانە بەلجیکییەکە درێژبکەنەوە و پارێزگاری لە تواناکانی بکەن.

بەڵام بە پێچەوانەی پێشبینییەکان، لوکاکۆ بەبێ ئاگادارکردنەوەی ئینتەر لە پشتەوە لەگەڵ یانەی یوڤێنتوس دەستی بە گفتوگۆکردن کردبوو تا پەیوەندی بە رکابەرە سەرسەختەکەی یانەکەی پێشووی بکات.

ئەم هەڵسوکەوتەی ناوبراو بەرپرسانی ئینتەری شۆککرد، زۆری توڕەیی کردن، تا کار گەیشتە ئەوەی بڕیار بدەن لە گرێبەستکردن لەگەڵیدا بکشێنەوە و یاریزانەکەیان خستە لیستی رەشی خۆیانەوە.

هەر لەسەر ئەو بابەتە خاڤیێر زانێتی ئەرجەنتینی و ئەفسانەی پێشووی یانەکە لە لێدوانێکی نوێی بۆ رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرت گوتی:

لوکاکو خیانەتی لێکردین، ئەو هەڵسوکەوتەی زۆر بێهیوای کردین، چاوەڕوانی هەڵسوکەوتێکی جیاوازمان لێی دەکرد وەک یاریزانێکی پیشگەر و پیاوێکیش، بەڵام خیانەتی لێکردین.

هێرشبەرە بەلجیکییەکە لە هاوینی 2019 بە بڕی 74 ملیۆن پاوەند لە مانچێستەر یونایتدەوە گواسترایەوە بۆ ئینتەر میلان، لە وەرزی 2020/2021 بە تۆمارکردنی 24 گۆڵ و بە جیاوازی 5 گۆڵ لەدوای کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی ریزبەندی دووەمی گۆڵکارانی سێریا ئەی گرت، توانی هاوکارییەکی گەورەی یانەکەی بکات بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە.

بەڵام لە کۆتایی وەرزەکە و لە مێرکاتۆی هاوینە بە بڕی 113 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی چێڵسی لەندەنی کرد، لەگەڵ بلوز سەرکەوتوو نەبوو، لە ئینگڵتەڕا درێژەی بە یاریکردن نەدا، هەر بۆیە دوو وەرزی بەدوای یەکە بەشێوەی خواستن یاری بۆ ئینتەر میلان دەکات.

بەڵام بەهۆی ئەو خیانەتەی لە یانە ئیتاڵییەکەی کرد، ئینتەر چیتر ئامادە نییە ئەو هێرشبەرە تەمەن 30 ساڵانییە لەخۆ بگرێت و دەرگای گەڕانەوەیان بەڕوویدا داخست.

بابەتی زیاتر

Back to top button