ئه‌مریکاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

مێسی چۆن پەیوەندی بە مەیامییەوە کرد؟رۆڵی بێکهام و ئەپڵ چییە؟ چ ساڵێک رێککەوتن؟

Yariga App

یاریگا و ئاتلێتیک –

لە ناوەڕاستی سێپتێمبەری ساڵی 2019، فڕۆکەیەکی تایبەت چەند کاتژمێرێک لە فڕۆکەخانەی بارسێلۆنا نیشتەوە و دواتر چووە پاریس.

فڕۆکە تایبەتەکە چەندین کەسایەتی تێدا بوو، لەوانە دەیڤد بێکهام و خۆرخێ ماس، خاوەنانی ئینتەر مەیامی و دەیڤد گاردنەر، هاوڕێی نزیکی بێکهام و پۆل مەکدۆنۆ، بەڕێوەبەری پێشووی وەرزشی یانە ئەمریکییەکە.

ئەم کەسایەتییانە راستەوخۆ چوونە هۆتێلەک و دوای چەند خولەکێک، خۆرخێ مێسی، باوکی لیۆنێل مێسی چووە ژووری بێکهام و لەگەڵیاندا کۆبووەوە. هەر ئەو کۆبوونەوەیە بووە دەستپێکی پڕۆسەی گواستنەوەی مێسی بۆ خولی ئەمریکی.

کۆبوونەوەکە زۆر روون نەبوو، سەرنجی لەسەر وێنە گەورەکە دانابوو. خۆرخێ مێسی بەڕوونی بە بێکهام و هاوڕێکانی راگەیاند، مێسی دەمێکە دەیەوێت لە ئەمریکا یاری بکات و باسی لە کاریگەری بێکهام لەگەڵ لۆس ئانجلێکس کرد و حەزی لە بیرۆکەی پەرەپێدانی وەرزشی وڵاتەکە بووە.

خۆرخێ ماس کە هاوبەشی بێکهامە، ملیاردێرێکی 60 ساڵییە و سەرۆکی کۆمپانیای MasTecە. کۆمپانیاکە لەلایەن باوکی دامەزرێندراوە و کەوتووەتە فلۆریدا. لە کۆبوونەوەکەدا بەڕوونی قسەی لەبارەی مەیامی کرد و دیدگای خۆی بە باوکی مێسی گوت

مەیامی دەرگای جیهانە و شارێکی پڕ خۆشەویستییە، بەڵام شارێکە پێویستی بە کاری زۆرە و کۆمەڵگایەکی فراوانی پەنابەرانی تێدایە. مێسی زۆر حەزی بە رەنگە جیاوازەکانی مەیامی دەبێت.

لە کۆبوونەوەی هۆتێلەکەی بارسێلۆنادا، چەندین بیروڕا ئاڵوگۆڕکران، لە هەمووی گرنگتر، دروستبوونی پەیوەندی نێوان باوکی مێسی و خۆرخێ ماس بوو. لە چەند ساڵی رابردوودا، بەردەوام لە پەیوەندیدا بوون و چەندین جار کۆبوونەتەوە.

1364 رۆژ دوای کۆبوونەوەکەی هۆتێلی بارسێلۆنا، ماس لە ئۆفیسی خۆی لە ناوچەی کۆرال گابلێس، فلۆریدا دانیشتبوو. لە هەواڵەکان گوێی لە شتێکی بە پەلە بوو.. مێسی پەیوەندی بە مەیامییەوە دەکات !

لە 15ی نۆڤێمبەری 2022 کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە هۆتێلی ژمارە 1 لە برووکلن، نیویۆرک کرا. هەرەیەکە لە دۆن گاربەر، کۆمیسیاری خولی ئەمریکی، مارک ئابۆت، جێگری کۆمیسیاری MLS و شۆن پرێندێراست، کۆمیسیاری دارایی خولەکە و خۆرخێ ماس، هاوخاوەنی ئینتەر مەیامی کۆبوونەوە، بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکەش، لیۆنێل مێسی بوو.

هەر لە دەستپێکی خاوەنداریەتیکردنی مەیامی، خۆرخێ ماس و بێکهام پلانی گواستنەوەی ئەستێرە گەورەکانی تۆپی پێیان بۆ مەیامی داڕێشتبوو و لە سەرووی هەمووشییەوە، لیۆنێل مێسی.

خۆرخێ ماس لە 2021 بە گۆڤاری مەیامی هێراڵدی راگەیاندبوو

من و دەیڤد زۆر خۆمان ماندوو دەکەین، دەمانەوێت باشترین یاریزانەکان و لیۆنێل مێسی بگوازینەوە ئێرە، چونکە مێسی باشترین یاریزانی مێژووە. گەشبینم رۆژێک لە رۆژان مێسی لە ئینتەر مەیامی یاری بکات، چونکە ئامانجی ئێمە مێسییە و دەمانەوێت باشترین یانەی جیهان دروست بکەین.

لیۆنێل مێسی
بەرزکردنەوەی نازناوی مۆندیال لەلایەن لیۆنێل مێسی لە یاریگای لوسەیل، دۆحە

کۆبوونەوەکەی هۆتێلەکەی شاری نیویۆرک بووە دەستپێکی وەرگرتنی رووناکی سەوزی خولی ئەمریکی بۆ گواستنەوەی مێسی، ئەمەش وایکرد، لە یاری کۆتایی جامی جیهانی لە دەوحە، ماس بە فڕۆکەیەکی تایبەت چووە وڵاتەکەی کەنداو. ئەمە نیشانەیەک بوو کە زۆربەی کەس لێی تێنەگەیشتن، چونکە هاوخاوەنەکەی ئینتەر مەیامی، دەیەویست پەیوەندییەکی تۆکمە لەگەڵ خێزانی مێسی دروست بکات. ماس وەک هاندەرێکی ئاسایی سەیری یاری کۆتایی کرد.

ماس لە شوێنی تایبەتکراو بە کەسایەتییەکان سەیری یارییەکەی کرد، ئەوانەی لە دەوروبەری دانیشتبوون، هەموویان درێسی ژمارە 10ی مێسییان پۆشیبوو. خۆرخێ ماس تەنیا چەند مەترێک لە خۆرخێ مێسییەوە دووربوو. ماس لە تەنیشت دیێگۆ سیمیۆنییەوە دانیشتبوو، وەک هاندەرێکی سەرشێتی مێسی هەڵسوکەوتی دەکرد.

چەند هەفتەیەک دوای تەواوبوونی مۆندیالی قەتەر، رۆژنامەکان وردە وردە باسیان لە چوونە دەرەوەی مێسی لە پاریس سانجێرمان دەکرد، بەڵام هاوخاوەنەکەی ئینتەر مەیامی بێ دەنگی هەڵبژاردبوو، چاویان لە زاری مێسی بوو و بەردەوامیش لەگەڵ بێکهام لە پەیوەندیدا بوو. پرسیارە گەورەکە ئەوەبوو، مێسی کەی و چ بڕیارێک لەبارەی داهاتووی دەدات؟

لە 4ی مانگی نیسانی رابردوو، دەستەی بەڕێوەبەرانی خولی ئەمریکی جارێکی دیکە کۆبوونەوە، بەڵام ئەمجارە لە نیویۆرک نەبوو، بەڵکو لە ناوچەی پالۆ ئاڵتۆ لە باکووری کالیفۆرنیا کۆبوونەوە. پێش کۆبوونەوەکە، خاوەنانی ئینتەر مەیامی، گەشتێکی کورتیان بە بەڕێوەبەرانی خولی ئەمریکی لە کۆمپانیای ئەپڵ کرد، چونکە کۆمپانیا گەورەکەی بواری تەکنۆلۆجیا، ببووە هاوبەشی میدیایی ئینتەر مەیامی. لەو گەشتە کورتەدا، ژەمی نیوەڕۆیان لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئەپڵ خوارد.

لەو کۆبوونەوەیەدا، زۆر بەڕوونی باسی گواستنەوەی مێسی بۆ خولی ئەمریکی کرا، چونکە باش دەیانزانی، گواستنەوەی مێسی کاریگەرییەکی زۆر لەسەر هاندەران دەکات و ژمارەی بینەرانی خولەکە لەڕێگەی ئەپڵ تیڤی زۆر زیاد دەکات. لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەپڵ بیرۆکەی هاوبەشیکردنی گواستنەوەی مێسی بۆ دروست بوو. هەرچەندە وردەکاری رێککەوتنی ئینتەر مەیامی لەگەڵ ئەپڵ ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئەوەی لێی دڵنیاین، هاوبەشی ئەپڵ و ئینتەر مەیامییە لە گواستنەوەی یارییەکان. ئەمەش بیرۆکەی ئێدی کیو، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ بوو.

لیۆنێل مێسی
لیۆنێل مێسی و نازناوی جامی جیهانی لە یاریگای لوسەیل، دۆحە

لە دوای نزیکبوونەوەی تەواوبوونی خولەکانی ئەوروپا، خۆرخێ ماس گەیشتە بڕوای دەستپێکردنی جووڵەکان بۆ گواستنەوەی مێسی، جیا لە ئینتەر مەیامی، ماس سەرۆکی یانەی ریال زاراگۆزای ئیسپانییە. خۆرخێ باش ئاگاداری کێشە داراییەکانی بارسێلۆنا بوو، دەیزانی بارسا ناتوانێت بە ئاسانی مێسی بگەڕێنێتەوە. دوای بڵابوونەوەی دەنگۆکانی چوونە دەرەوەی مێسی لە پاریس سانجێرمان، خۆرخێ ماس بە فڕۆکەکەی مەیامی جێهێشت و لە ئیسپانیا لەگەڵ خۆرخێ مێسی، باوکی مێسی کۆبووەوە.

ماس دەیزانی، ناتوانێت رکابەری ئۆفەرە گەورەکەی هیلالی سعودی بکات، چونکە ئۆفەرەکە زیاتر بوو لە یەک ملیار دۆلار. هاوخاوەنەکەی ئینتەر مەیامی سووربوو لەسەر گواستنەوەی لیۆ مێسی، بە شێوازێکی جیاواز رووی لە باوکی مێسی کرد و پێی گوت

پێلێ لە ساڵی 1975 هاتە خولی ئەمریکی و ئامانجەکەی بەرەوپێشبردنی تۆپی پێ بوو. بێکهام لە ساڵی 2007 هاتە خولی ئەمریکی و پاڵنەرێکی گەورەبوو بۆ تۆپی پێی ئەو وڵاتە. بۆیە مێسی دەتوانێت گۆڕانکارییەکی گەورە لە مێژووی تۆپی پێی ئەمریکادا بکات. ئایا چەند جار هەلی ئەنجامدانی گۆڕانکاری گەورە لە وەرزشی جیهانی دێتە پێش؟ سەردەمی پێش و دوای مێسی دروست دەبێت.

ماس دەیزانی خێزانەکەی مێسی دەتوانێت کاریگەری لەسەر بڕیاری کۆتایی مێسی دروست بکات، هەربۆیە ئەم بابەتانەی لەگەڵ باوکی مێسی تاوتوێ کرد. هاوخاوەنەکەی ماس لە سەرووی هەموو شتێکەوە باسی لە نزیکی مەیامی و بوێنۆس ئایرێسی پایتەختی ئەرجەنتین لەگەڵ خۆرخێ مێسی باس کرد. ماوەی گەشتی ئاسمانی نێوانیان تەنیا نۆ کاتژمێرە، بەراورد بە 13 کاتژمێر و نیو لەگەڵ بارسێلۆنا و 20 کاتژمێریش لەگەڵ ریاز. دواتر ماس باسی لە هاوبەشی کردنی ئەپڵ کە گرێبەستەکەی مێسیدا کرد و چۆنیەتی پەلکێشکردنی کۆمپانیا گەورەکانی دروستکردنی کەلوپەلی وەرزشی وەک فاناتیکس و ئەدیداس بۆ نێو گرێبەستەکە. بەڵام هیچ گەرەنتییەکە بۆ سەرکەوتنی گرێبەستەکە نەبوو.

مێسی دەیەویست بگەڕێتەوە بارسێلۆنا، لەو یانەیەی 10 نازناوی لالیگا و چوار نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا، بەڵام کێشە داراییەکان رێگرێکی گەورەبوون لە بەردەم گەڕانەوەی مێسی. یانە کاتالۆنییەکە نەیتوانی هیچ گەرەنتییەک بە مێسی بدات، چونکە ناچار دەبوو دەستبەرداری چەندین یاریزان ببێت، ئەمەش کێشەیەکی گەورەی بۆ یانە کاتالۆنییەکە دروست دەکرد.

لە لایەکی دیکەوە، هیلالی سعودی هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی مێسی دەستپێکرد بوو، ئەمەش دوای سەرکەوتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ نەسر. یانە سعودییەکە هەموو هەوڵێکی بۆ گواستنەوەی مێسی دەستپێکرد و تەنانەت ئۆفەرێکی بە بڕی 1.3 ملیار دۆلاری خستە سەر مێزی مێسی. ئەمەش بەشێکە لە هەوڵەکانی حکومەتی سعودیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خولی سعودی.

لەسەر ئاستی جیهان، زۆر کەمبوون ئەوانەی هیوایان بە گواستنەوەی مێسی بۆ مەیامی هەبوو، چونکە مێسی تاوەکو ئێستا ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات و خاوەنی باڵۆن دۆر و نازناوی مۆندیال بوو. لە وەرزی رابردوودا 20 گۆڵ و 20 ئەسیستی لەگەڵ پاریس سانجێرمان هەبوو.

بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای ئەم راپۆرتە تایبەتە، شەش هەفتە دوای کۆبوونەوەکەی ماس و خۆرخێ مێسی، هاوخاوەنی ئینتەر مەیامی لە نووسینگەکەی خۆی لە مەیامی دانیشتبوو، هەستی بە نزیکبوونەوەی بڕیاری مێسی دەکرد، بەڵام نەیدەزانی چ بڕیارێک دەدات، بەڵام لە سەرووی هەموویەوە، زۆر بە هاتنی مێسی گەشبین بوو، کاتێک تەلەفۆنێکی بۆ هات و گواستنەوەی مێسی بۆ مەیامی پشتڕاستکردەوە، خۆرخێ ماس لە ژوورەکەی چووە دەرەوە و بە پەلەی خۆی گەیاندە نزیک نووسینگەی براکەی، کە ئەویش پشکی لە یانەکەدا هەیە و هەواڵە خۆشەکەی پێگەیاند.

خۆشییەکی زۆر لە نێو کۆمپانیاکەی خۆرخێ ماس دروست بوو. دەستبەجێ کارەکانیان دەستپێکرد. ماس لە نهۆمی 12ەوە دابەزییە نهۆمی حەوتەم و لەگەڵ تیمەکەی کۆبووەوە، تەلەڤزیۆنەکەشیان هەڵکرد بۆ ئەوەی سەیری چاوپێکەوتنەکەی لیۆنێل مێسی بکەن.

لە دوای چاوپێکەوتنەکە، جەنجاڵییەکی زۆر لە بارەگای سەرەکی خولی ئەمریکی لە نیویۆرک دروستبوو، تەنانەت بەرپرسانی مەیامی ئاگاداری بڕیارەکە نەبوون و خۆیان ئامادە نەکردبوو، چونکە هیچ گرێبەستێک واژۆ نەکرابوو و لەسەر هیچ مەرجێک رێککەوتن نەبوو. سەدان پەیامی پیرۆزبایی بۆ گاربەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خولی ئەمریکی نێردران، وەڵامی گاربەر زۆر کورتبوو، هیچ رێککەوتنێک نەکراوە و بەیاننامەیەک بە ناوی خولەکە بڵاوکرایەوە

دڵخۆشین بە نیازی مێسی بۆ پەیوەندیکردن بە ئینتەر مەیامی و خولی ئەمریکی. کارەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بەردەوامە و بە پەرۆشین بۆ پێشوازیکردن لە باشترین یاریزانی مێژوو بۆ خولەکەمان.

لیۆ مێسی لە 7ی مانگی حوزەیران بڕیارەکەیدا، بەڵام زیاتر لە مانگێکی پێچوو تاوەکو مێسی و ئینتەر مەیامی گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی. مەیامی کێشەی زۆری هەبوو، چونکە داڕێشتنی بودجەیەکی 651 ملیۆن دۆلاری کێشەی گەورەی هەیە، پێویستی بە رەزامەندی هۆبەی یاسایی و دارایی خولی ئەمریکی هەیە و ئەوانیش پاڵپشتیکارێکی زۆری مەیامی بوون، چونکە گواستنەوەی مێسی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر تۆپی پێی ئەمریکا دەبێت.

لە دوای راگەیاندنی بڕیارەکە، نرخی بلیتەکانی ئینتەر مەیامی بە شێوەیەکی خێرا بەرزبوونەوە، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر راگەیاندنی هەواڵەکە، لە چەند رۆژی رابردوودا، ئینتەر مەیامی درێسی مێسی خستە بازاڕەوە، چونکە هیچ ئامادەکارییەک نەکرابوو.

لە 11ی ئەم مانگە، لیۆنێل مێسی گەیشتە فڕۆکەخانەی فۆرت لاودێرادەیڵ لە مەیامی، کامێراکان وێنەی مێسی و خێزانەکەیان لە فڕۆکەخانە تۆمار کرد، دوای چەند رۆژێک، مێسی لە چەند ناوچەیەکی گشتی مەیامی بیندرا. کامێراکان بە دوای مێسییەوەن لە هەموو کوچێکی ئەو شارە.

بابەتی زیاتر

Back to top button