ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

بۆ دەستبەرداربوون لە چوامینی، گەورەکانی پرێمەرلیگ فشار لە ریال مەدرید دەکەن

Yariga App

یاریگا –

یانەی ریال مەدرید چەند ئۆفەرێکی بەدەست گەیشتووە بۆ دەستبەرداربوون لە چوامینی فەڕەنسی.

پێگەی رێلێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید ئۆفەرێکی زۆری بەدەست گەیشتووە بۆ دەستبەرداربوون لە چوامینی تەمەن 23 ساڵان، بەڵام مێرێنگی نیازی نییە دەستبەرداری ئەستێرە فەڕەنسییەکەی ببێت.

چوامینی هاوینی رابردوو لە مۆناکۆی فەڕەنسی بە بڕی 80 ملیۆن یۆرۆ گواسترایەوە بۆ ریال مەدرید، بەر لە مۆندیال ئاستی سەرنجڕاکێش بوو، بەڵام دوای مۆندیال ئاستی دابەزی و مەدریدییەکانی لەخۆی نیگەران کرد.

بەڵام ریال مەدرید ئارامە، پێشتر ئەم دۆخەی زۆر بینیوە، تێدەگات یاریزانە لاوەکان بە هەوراز و نشێوی زۆردا تێدەپەڕن، پشتریش ڤینیسیۆس و رۆدریگۆ بە هەمان دۆخدا تێپەڕیوون، کات بە یاریزانەکە دەدات تا توانای راستەقینەی خۆی دەدۆزێتەوە، پەلە لە فرۆشتنی ناکات.

بەپێی هەمان سەرچاوە، چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ ئۆفەریان پێشکەش بە ریال مەدرید کردووە، چێڵسی لەندەنی لە پێشەنگی ئەو یانانە دێت، بەڵام مێرێنگی دەرگای لەسەر رۆیشتنی یاریزانەکە داخستووە و ئامادە نییە دەستبەرداری ببێت.

رێلێڤۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، کارلۆ ئانچێلۆتی لە وەرزی داهاتوو دەستبەرداری شێوازی یاریکردنی 4,3,3 دەبێت و بە شێوازی 4,4,2 یاری دەکات، ئەمەش وادەکات ئەستێرە فەڕەنسییەکە لە پێکهاتەی سەرەکی تیپەکە جێگای ببێتەوە و یەکێک بێت لە یاریزانە کاریگەرەکانی کارلۆ لە وەرزی نێدا.

وەک هەندیک لە یاریزانەکانی دیکە، چوامینی تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە مەشقەکانی تیپەکەی، بڕیارە لە 20ـی حوزەیران پەیوەندی بە تیپەکەی بکاتەوە کە لەو بەروارە راستەوخۆ گەشت دەکەن بەرەو ئەمریکا و لەوێ درێژە بە ئامادەکارییەکانیان دەدەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button