مارتینۆ لە مەیامی داواکراوە
یاریگا –
جێراردۆ مارتینۆ ‘تاتا’ نزیکە لە وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی ئینتەر مەیامی.
تاتا مارتینۆ، راهێنەری پێشووتری بارسێلۆنا گفتوگۆی لەگەڵ دەستەی کارگێڕی مەیامی کردووە، چونکە یانە ئەمریکییەکە لە دوای دوورخستنەوەی فیڵ نێڤڵ، خەریکی گەڕانە بە دوای راهێنەرێک. تاتا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ لیۆ مێسی هەیە و پێشتر لە بارسێلۆنا و ئەرجەنتین بەیەکەوە کاریان کردووە.
مارتینۆ لە دوای تەواوبوونی یارییەکی هەڤاڵینی کە بۆ وازهێنانی یەکجارەکی ماکسی رۆدریگێز رێکخرابوو، روونیکردەوە، خەریکی گفتوگۆم لەگەڵ ئینتەر مەیامی.
لیۆ مێسی لە ساتێکدا پەیوەندی بە مەیامییەوە کردووە، کە وەرزێکی زۆر خراپی پێشکەش کردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە ئەنجامی 4-1 بە فیلادێلفیا یونیەن دۆڕا، ئەمەش حەوتەم دۆڕانی یەک لە دوای یەکی مەیامییە لە خولی ئەمریکی. ئێستا لە دوا پلەی کۆمەڵەی رۆژهەڵاتی خولەکەدا دێت.
پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو، مێسی بە فەرمی پەیوەندی بە مەیامییەوە بکات و پێش ئەویش مارتینۆ ئەرکی مەشقی یانەکە بگرێتە ئەستۆ.