یاریگا –
مانچێستەر یونایتد ئامۆژگاری سۆلشایەری رەتکردووەتەوە بۆ کڕینی هالاند بە بڕی تەنیا 4 ملیۆن پاوەند.
رۆژنامەی سەن بڵاویکردووەتەوە، راهێنەری پێشووی مانچێستەر یونایتد، ئۆلی گونار سۆلشایەر بۆ یەکەمجار لە نوێترین لێدوانی ئاشکرایکردووە، ئامۆژگاری یانەکەی کردووە تەنیا بە 4 ملیۆن پاوەند گرێبەست لەگەڵ هالاند واژۆ بکەن، بەڵام داواکەی رەتکراوەتەوە.
سۆلشایەر لە یانەی مۆڵدی نەرویجی راهێنەری ئێرلینگ هالاند بووە، بەرلەوەی یاریزانەکە پەیوەندی بە یانەی سالزبۆرگ و پاشان دۆرتمۆند بکات.
بە پێی قسەکانی راهێنەرە نەرویجییەکە، لە ساڵی 2018 بەرلەوەی خۆی ببێت بە راهێنەری مانچێستەر یونایتد، دەکرا هالاند ئێستا یاریزانی شەیتانە سوورەکان بوایە ئەگەر بەرپرسانی یانەکە گوێیان بۆ ئامۆژگارییەکانی بگرتبایە.
ئۆلێ لەو بارەیەوە دەڵێت:
نزیکەی شەش مانگ بەرلەوەی ببمە راهێنەری مانچێستەر یونایتد بە بەرپرسانی یانەکەم گوت هێرشبەرێکی زۆر کارامەم هەیە دەتوانن تەنیا بە 4 ملیۆن پاوەند گرێبەستی لەگەڵ بکەن، بەڵام گوێیان بۆ قسەکانم نەگرت، داواکەیان رەتکردەوە.
پاش ئەوەی یانە ئینگلیزییەکە ئەنجامدانی ئەم گرێبەستەی رەتکردوە، هالاند لە هاوینی 2019 بە بڕی تەنیا 8 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی سالزبۆرگەوە کرد.
مێژووی گرێبەستەکانی هالاند:
وەرز | ئەو یانەیەی جێیهێشت | ئەو یانەیەی پەیوەندی پێوەکرد | تێچووی گرێبەستەکە |
16/17 | براین ئێف کەی | مۆڵدی | 100 هەزار پاوەند |
18/19 | مۆڵدی | سالزبۆرگ | 8 ملیۆن یۆرۆ |
19/20 | سالزبۆرگ | بۆڕووسیا دۆرتمۆند | 20 ملیۆن یۆرۆ |
22/23 | بۆڕووسیا دۆرتمۆند | مانچێستەر سیتی | 60 ملیۆن یۆرۆ |
سۆلشایەر لە زستانی ساڵی 2018 تا زستانی 2021 راهێنەرایەتی مانچێستەر یونایتدی کردووە، لەو ماوەیەشدا جارێک یانەکەی گەیاندە یاری کۆتایی یۆرۆپالیگ و پلەی دووەمی جاماکەی بەدەستهێنا.
یاریزانە نەرویجییەکەش بە کاتێکی سەرسووڕهێنەر تێدەپەڕێت، لەم وەرزە لە کۆی ئەنجامدانی 47 یاری بە درێسی مانچێستەر سیتی، 51 گۆڵی کردووە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان، بەردەوامە لە شکاندنی ریکۆردە جۆراوجۆرەکان.