ئیسپانیا

لیڤاندۆڤسکی یەکلاکەرەوەترین یاریزانە لە لالیگا

یاریگا –

ئامارەکان دەیسەلمێنن، کە ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسکی یەکلاکەرەوەترین یاریزانە لەم وەرزەی لالیگا.

بارسێلۆنا پارەیەکی زۆری خەرجکرد لە گواستنەوەی گۆڵکارە پۆڵەندییەکە لە بایرن میونشنەوە بۆ یانەکەی، بەڵام پارەکەی بە هەدەر نەچووە و یاریزانەکە خزمەتێکی گەورەی بە یانەکە کردووە.

ڕۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، کە لیڤا یەکلاکەرەوەترین یاریزانە لەم وەرزەی خولەکە، بە جۆرێک تاکە یاریزانە لە 7 یاری جیاواز گۆڵی دەستپێکی بۆ یانەکەی کردووە.

جیا لەوەیش بە کردنی 17 گۆڵ و بە جیاوازی 3 گۆڵ لە پێش کەریم بێنزێما پێشەنگی گۆڵکارانی لا لایگای گرتووە،

هەر لەو خولە 6 گۆڵی بۆ هاوڕێکانی درووستکردووە، ئەگەر 2 گۆڵی تر درووست بکات ئەوا یەکەم جار دەبێت بتوانێت لە وەرزێکی خولە ناوخۆییەکان 8 ئەسیست بکات، کە پێشتر زۆرترین ئەسیستی لە وەرزێکدا 7 دانە بووە.

لە ریزبەندی گۆڵ درووستکارانی خولەکەیش پلەی چوارەمی گرتووە، کە گریزمان بە درووستکردنی 8 ئەسیست پێشەنگە، رۆدریگۆ و میکێل میرنۆش بە کردنی 7 ئەسیست پلەی دووەم و سێیەمیان گرتووە.

بە کۆی گشتی لەم وەرزەی خولەکە لە 23 یاریدا بەشداربووە لە کردنی 23 گۆڵ کە زۆرترینە، لێرەیشدا کەریم بێنزێما و ئەنتوان گریزمان بەدوای لیڤا دێن، کە هەریەکەیان بەشداربوون لە کردنی 17 گۆڵدا.

هەرچەندە یانە کەتەلۆنییەکە لە خولەکانی ئەوروپا ئەنجامی باشی نەبووە، بەڵام لە ئەگەری بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا، گرێبەستەکەی لیڤاندۆڤسکی بە گرێبەستێکی سەرکەوتوو و ژیرانە لە قەڵام دەدرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button