ئه‌وروپائینگلتەراگرنگترین

كریستیانۆ رۆناڵدۆ: لە مانچێستەر یونایتد ئاستم دابەزی

یاریگا

كریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی یانەی نەسڕی سعودی باس لەو كاتانە دەكات كە لە مانچێستەر یونایتد بووە و بە قۆناخێكی سەخت ناوی دەبات.

لە سەرەتای وەرزدا كریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهۆی بەشداری نەكردنی لە پێكهاتەی سەرەكی مانچێستەر یونایتد تووشی ناڕەحەتی بوو بەهۆیەوە پێش یارییەكانی جامی جیهانی 2022ی قەتەڕ چاوپێكەوتنێكی ئەنجامدا و تێیدا رەخنەی لە تین هاخ و ئیدارەی یانەكەی گرت.

پاشان بە رەزامەندی هەردوولا گرێبەستەكەی لەگەڵ شەیتانە سوورەكان هەڵوەشاندەوە و بە گرێبەستێك بۆ ماوەی دوو وەرز و نیو پەیوەندی بە یانەی نەسری سعودیەوە كرد.

لە چاوپێكەوتنێكیدا بۆ كەناڵ Sport TV+ رۆناڵدۆ گووتی: هەندێک جار دەبێت بە هەندێک سەختیدا تێپەڕیت بۆ ئەوەی بزانیت کێ لەگەڵت دەمێنێتەوە،  هیچ کێشەیەکم نییە لەگەڵ ئەوەی بڵێم لە ژیانی وەرزشیمدا بە قۆناخێکی سەختدا تێپەڕیم و ئاستم تەواو دابەزی،  بەڵام کات بۆ پەشیمان بوونەوە نییە، ژیان بەردەوامە هەرچییەک بێت. ئەوەی پێیدا تێپەڕیم بەشێک بوو لە ژیانم، کاتێک لەسەر لوتکەی شاخێک بیت زۆرجار خوارەوەی نابینیت.

هەروەها ووتیشی: ئێستا زیاتر ئامادەم، ئەوەی فێری بووم و پێیدا تێپەڕیم گرنگ بوو، چونكە پێشتر بەوانەدا تێنەپەڕیوم، ئێستا پیاوێكی باشترم.

سەبارەت بەخولی رۆشەنی سعودی گووتی: خولی سعودیە زۆر خولێكی بەهێزە، پێویستە هەمووان بەشێوەیەکی جیاواز سەیری بکەن، بەو پێیەی خولێکی هاوسەنگ و رکابەرییە.

بەردەوام بوو گووتی: سەرسام بووم بە ئاستی خولی سعودی، ناڵێم وەك پرێمەرلیگی ئینگلیزی وایە، بەڵام ئەم قسانەی منتان لە یاد بێت لە دوای شەش یان حەوت ساڵی دیكە دەبێتە چوارەم یان پێنجەم خولی بەهێزی جیهان.

وا بڕیارە دۆن لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە یارییەكانی پاڵاوتنی گەشتن بە یۆرۆی 2024 رووبەڕووی هەردوو هەڵبژاردەی لیشنیشتاین و لۆكسەمبۆرگ ببێتەوە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button