فه‌ره‌نساگرنگترینیاریگا

ئەو سێ هۆکارەی ئێمباپی کرد بە کاپتنی هەڵبژاردەی فەڕەنسا

بۆچی کیلیان ئێمباپێ سەرکردەی نوێی کەڵەشێرەکانە؟

یاریگا –

کاریگەری کیلیان ئێمباپێ ڕۆژ بەدوای ڕۆژ زیاتر دەبێت، لە کەشوهەوای تۆپی پێی فەرەنسادا.

ئێمباپێ لە پاریس سان جێرمان دەستی بەسەر قۆڵبەستی کاپتنیدا گرت سەرەڕای هەبوونی چەندین ئەستێرەی بەتەمەن و بە ئەزموونی وەک مارکۆ ڤێراتی و نەیمار جونیەر و سێرجیۆ ڕامۆس و لیۆنێل مێسی.

هەروەها کیلیان توانی لە هەڵبژاردەی فەرەنساش پێشبڕکێی بەدەستهێنانی قۆڵبەستی کاپتنی بباتەوە، دوای ئەوەی هەرسێ یاریزانی دێرین هوگۆ لۆریس، ڕافایل ڤاران و ستیڤ مانداندا دوای مۆندیالی 2022ی قەتەر وازیان لە یاریکردنی نێودەوڵەتی هێنا.

لەم ڕاپۆرتەدا پێداچوونەوە بۆ ئەو هۆکارانە دەکەین، کە وایانکرد ئێمباپێ وەک کاپتنی نوێی کەڵەشێرەکان دەستنیشان بکرێت، و سەرکەوێت بەسەر گریزماندا.

یەکەم: کارێزما

ئێمباپێ خاوەن کارێزمایەکەی گەورەیە لە هەڵبژاردەکەیدا، سەرەڕای ئەوەی سێ ساڵ لەدوای ئەنتوان گریزمان یەکەم یاری خۆی بۆ فەڕەنسا کرد، بەڵام بەزووی باڵادەستی خۆی چەسپاند بە درەوشانەوە و راکێشانی سەرنجی زۆربەی شەیدایانی تۆپی پێ.

تەنانەت کاریگەری ئێمباپێ وایکرد ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا دەستوەردان بکات لە دیاریکردنی چارەنووسی و ڕازی بکات بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سان جێرمان نوێ بکاتەوە و پاشەکشە بکات لە پەیوەندیکردن بە ریاڵ مەدریدەوە.

جیا لەوەش پاش شکستی هەڵبژاردەکە لە یاری کۆتایی مۆندیالی قەتەر سەرۆکی وڵات چووە یاریگا تا بەتایبەت دڵنەوایی ئێمباپێ بداتەوە.

دووەم: بەردەوامی

ئێمباپێ تاکە یاریزانی پێکهاتەی هەڵبژاردەی فەڕەنسای مۆندیالی 2018 یە، کە پارێزگاری لە ئاستی خۆی کردووە و هەر بە درەوشاوەیی ماوەتەوە.

کیلیان چەندین ژمارەی پێوانەیی شکاند، بووە گۆڵکاری مێژوویی سانجێرمان، هەروەها گۆڵکاری مۆندیال بوو، بەردەوامیش لە لیستی 10 پاڵێوراوە سەرەکییەکەدایە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتە نێودەوڵەتییەکان.

لەگەڵ ئەم بەردەوامییە بەهێزەی کیلیان، ئەنتوان گریزمان لە نێوان ئەزموونێکی شکستخواردووی دوو وەرز یاریکردن لەگەڵ بارسێلۆنا، گەڕانەوەیەکی بێ بەرهەمی بۆ ڕیزەکانی ئەتلەتیکۆ مەدرید، ژیانی وەرزشی خۆی بەرەو داڕمان برد.

هەروەها شوێنپێی دووانەی پۆڵ پۆگبا و نگۆلۆ کانتێ بەهۆی زۆری پێکانەکانەوە بەتەواوی نەما، کەریم بێنزێماش تەنیا پیرۆزبایی گەڕانەوەی بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا بۆ ماوەی چەند مانگێکی کەم لێکرا و لە دوای کۆتایی هاتنی مۆندیالی قەتەر وازهێنانی لەیاریکردنی نێودەوڵەتی راگەیاند.

سێیەم: خوێنی تازە

دیدیە دیشامپی ڕاهێنەری فەرەنسا بەنیازە دوو ساڵ پێش دەستپێکی یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024ی ئەڵمانیا خوێنی هەڵبژاردەکە نوێ بکاتەوە.

هەڵبژاردەی فەرەنسا خاوەنی نەوەیەکی نوێ و ئومێدبەخشە لە هێڵە جیاوازەکانی یاریگادا، وەک ئۆپامێکانۆ، کۆناتێ، سالیبا و دێساسی لە هێڵی بەرگری، چوامینی و کامڤینگا لە هێڵی ناوەڕاست.

هەروەها هێڵی پێشەوەش بریتین لە موسا دیابی، کریستوفەر نکونکو، کۆلۆ موانی، کینگسلی کۆمان.

سەرەڕای ئەوەش هەموو ئەم ناوانە بەراورد ناکرێن بە کیلیان ئێمباپێ لە رووی توانای تەکنیکی و کاریزما و کاریگەری و هەروەها درەوشانەوەی میدیاییەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button