ئه‌وروپائیسپانیا

بارسێلۆنا – ریال مەدرید| کلاسیکۆی چارەنوساز

یاریگا
ئەمشەو کاتژمێر 23:00 بەکاتی هەولێر یانەی بارسێلۆنا لە گەڕی 26ـی لالیگا و لە یاریی کلاسیکۆ پێشوازی لە ریال مەدرید دەکات، بلاوگرانا بەو هیوایەیە بتوانێت سێ خاڵی یارییەکە بەدەست بێنێت و هێندەی دیکە خۆی لە بەدەستهێنانی ناسناوی ئەم وەرزە نزیک بکاتەوە. لە بەرامبەردا شاهانەکانیش نایانەوێت هێندەی دیکە لە رکابەرەکەیان دوور بکەونەوە.

یانە کەتەلۆنیەکە لە کاتێکدا لە یاریگای کامپ نۆ پێشوازی لە رکابەرە مەدریدیەکەی دەکات، بە کۆکردنەوەی 65 خاڵ و بە جیاوازی 9 خاڵ لەگەڵ رکابەرەکەیان پێشەنگی خولی ئیسپانیان گرتووە، ئەوان بە بردنەوە لەم یارییە تاوەکو رادەیەکی زۆر ناسناوی ئەم وەرزە لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلایی دەکەنەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە کێبڕکێیەکە گەرم دەبێت و مێرنگیش دەگەڕێتەوە نێو کێبڕکێی بەدەستهێنانی ناسناوەکە.

پێش یارییەکە چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی گووتی ” ئێمە بۆ هەموو یارییەکان بە یەک شێوە ئامادەکاری دەکەین، لەم یارییە هەوڵ دەدەین زیاتر لە یاریی رابردوو کۆنترۆلی یارییەکە بکەین، تیپی بەرامبەرمان لە رووی توانای جەستەیی پێشڤەچوونی زۆریان هەیە، یاریی کلاسیکۆ هەمیشە تایبەتە بۆ راهێنەرەکان و پێشبینی کردنی ئەنجامی یارییەکە قورسە، من پێموایە چانسی هەردوو یانە وەکو یەکە. پێدری دوێنێ هەستی بە ئازار کرد، بۆیە بڕیارماندا بانگهێشتی یارییەکە نەکەین، دڵنیام بەبێ ئەو یاریزانەش دەتوانین بەرامبەر ریال مەدرید یارییەکی باش بکەین ”.

راهێنەرەکەی بارسێلۆنا لەوەتەی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەی وەرگرتووە، هەرگیز لە یاریگای کامپ نۆ واتە یاریگای یانەکەی بەرامبەر ریال مەدرید براوە نەبووە، یەک یاریی لە کامپ نۆ بووە و ئەو یارییەشی دۆڕاندووە، لە بەرامبەردا ئامارێکی باشی بەرامبەر رکابەرە مێژووییەکەی هەیە و لە چوار رووبەڕووبونەوەی بەرامبەر کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری یانەکە هەر سێ یاریی بردووەتەوە.

کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری شاهانەکانیش‌ لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە گووتی ” من پێشتریش گوتوومە ئارەزوو دەکەم هەموو کاروانی راهێنەرایەتیم لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بێت، بەڵام ئەستەمە ئەمە بکرێت، بیرم لەوە نەکردووەتەوە ئەگەر لەم یارییە بدۆڕێین لەبەدەستهێنانی ناسناوی ئەم وەرزێ دوور دەکەوینەوە، تەنها بیرە لەوە دەکەینەوە یارییەکە ببەینەوە. ئەم یارییانە هەمیشە ترسی خۆی هەیە، بۆ من دوو کاتژمێر پێش یارییەکە قورسترین کاتەکانە ”.

– بارسێلۆنا لە دوایین 10 یاریی خۆی لە لالیگا 9 یاریی بردووەتەوە.
– بارسێلۆنا لە دوایین 6 یاریی لالیگا بەرامبەر ریال مەدرید 5 یاریی دۆڕاندووە تەنها 1 یاریی بردووەتەوە.
– بارسێلۆنا ئەم وەرزە هیچ یارییەکی لە یاریگای خۆی نەدۆڕاندووە، 10 بردنەوە و 2 بەرامبەربوون.
– ریال مەدرید لە دوایین پێنج یاریی لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە لالیگا 2 یاریی دۆڕاوە و 2 یاریی براوە بووە و 1 یاریشی بردووەتەوە.
– بارسا ئەم وەرزە کەمترین گۆڵی لێکراوە لە لالیگا کە تەنها 8 گۆڵە و ئەو یانەیە خاوەنی 19 کلین شیتە.
– لە کۆتا 48 کلاسیکۆ بارسێلۆنا 22 بردنەوە و ریال مەدرید 16 بردنەوەی هەیە.

لە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا هەر یەکە لە عوسمان دێمبلی هێرشبەر و پێدری ناوەڕاستکاری بەهۆی پێکان بەشداری یاریی کلاسیکۆ ناکەن، لە ریزەکانی یانەی ریال مەدریدیش تەنها داڤید ئالابا بەهۆی پێکان لە یارییەکە بێ بەش دەبێت.

Back to top button