ئه‌وروپائیسپانیا

بارسێلۆنا دەیەوێت جیاوازەکەی لەگەڵ ریال مەدرید بکاتە 11 خاڵ

یاریگا
ئەمشەو لە بەردەوامی گەڕی 21ـی خولی ئیسپانیا، بارسێلۆنای پێشەنگی خولەکە لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی ڤیاریال.

بلاوگرانا لە پێناو پارێزگاری کردن لە جیاوازەکانی لەگەڵ نزیکترین رکابەرەکانی، ئەمشەو کاتژمێر 23:00 بەکاتی هەولێر، لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی ڤیاریال دەبێتەوە. بۆ ئەم یارییە یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا بەهۆی پێکان لە تواناکانی دوو یاریزانی سەرەکی، واتە عوسمان دێمبلی و سێرخیۆ بۆسکێتس بێ بەش دەبێت.

پێش یارییەکە چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی، باسی لە دەنگۆی دەستبەرداربوون لە ئانسۆ فاتی، هێرشبەری لاوی یانەکەی کرد.

“ بازاری گواستنەوەکان کۆتایی هاتووە بۆیە هیچ یاریزانێک بۆ فرۆشتن نیە، نازانم ئەو دەنگۆیانە لە کوێوە هاتوون کە باس لە فرۆشتنی ئانسۆ فاتی دەکەن، من بڕوایەکی تەواوم بەو یاریزانە هەیە، بە هیچ شێوەیەک ئامادەنین دەستبەرداری ئەو یاریزانە بین. ئەو یاریزانێکی لاو و لێهاتووە و دەزانم داهاتوویەکی گەش چاوەڕێ دەکات، بۆیە دەبێت کۆتایی بەم بابەتە بێنن “.

بارسێلۆنا لە دوایین پێنج یاریی بەرامبەر ڤیاریال، چوار یاریی بردووەتەوە و تەنها یەک یاریی دۆڕاندووە، دۆڕانەکەش ساڵی رابردوو بوو لە یاریگای کامپ نۆ.

یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا بە کۆکردنەوەی 53 خاڵ و بە جیاوازی هەشت خاڵ لەگەڵ ریال مەدریدی دووەم، پێشەنگایەتی لالیگای گرتووە. لە بەرامبەردا ڤیاریال ئەو یانەیەش لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خاوەنی 31 خاڵە.

بارسێلۆنا لە دوایین 11 یاریی لالیگا لە یاریگای خۆی، 10 یاریی بردووەتەوە و لە یارییەک دۆڕاوە، دۆڕانەکەش بەرامبەر ژێردەریاییەکان بووە. هەروەها بلاوگرانا لە کۆی 29 یاریی رابردووی بەرامبەر رکابەری ئەمشەوی، لە 28 یاریی نەدۆڕاوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button