ئیسپانیاگرنگترین

زمانی ئامار گرنگی لیڤاندۆڤیسکی بۆ بارسێلۆنا دەسەلمێنێت

ئامارەکان دۆخی بارسامان پێدەڵێن لەم وەرزە بە ئامادەبوون و ئامادە نەبوونی تۆقێنەرە پۆڵەندییەکە

یاریگا –

هێرشبەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی رۆبێرت لیڤاندۆڤیسکی لەم وەرزەی لالیگا بە تۆمارکردنی 13 گۆڵ لە 15 یارییدا پێشەنگی گۆڵکارانی لالیگای گرتووە، بەڵام رێژەی گۆڵەکانی تیپەکە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، لەوکاتەی لیڤایان لەدەستداوە.

بە ئامادەبوونی گۆڵکارە پۆڵەندییەکە لە پێکهاتەکەی چاڤی هێرناندێزدا، بارسێلۆنا لە 15 یاریدا 34 گۆڵی کردووە، بە رێژەی 2.3 گۆڵ لە هەر یارییەکدا، لەکاتێکدا بەبێ لیڤا بارسا تەنیا دوو گۆڵی لە دوو یاریدا کرد، بەڕێژەی تۆمارکردنی یەک گۆڵ لە هەر یارییەکدا.

ئەمە لەکاتێکدایە بارسێلۆنا لە میانی یارییەکانی گەڕی شانزەی لالیگا بە تاکە گۆڵێکی بێ وەڵام شکستی بە یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید هێنا، لە یاری رابردووشدا بە هەمان ئەنجام شکستی بە یانەی خیتافی هێنا، هەفتەی داهاتووش لە یارییەکانی گەڕی نۆزدەیەم رووبەڕووی یانەی جیرۆنا دەبێتەوە، کە ئەمە دەبێتە سێیەم یاری لیڤاندۆڤیسکی بەهۆی سزای راگیران لە پێکهاتەکەی چاڤی لە لالیگا دادەبڕێت.

لە هەردوو یارییەکانی ئاتلێتیکۆ و خیتافیدا، ئانسو فاتی لەبری لیڤاندۆڤیسکی وەک هێرشبەری سەرەکی یاری دەکرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لە تۆمارکردنی هیچ گۆڵێک، دوو گۆڵەکەی تیپەکەش لە رێگەی هەریەکە لە یاریزانان عوسمان دێمبلی فەرەنسی لە یاریگای واندا مێترۆپۆلیتانۆ و پێدری گۆنزالێزی ئیسپانی لە یاریگای سپۆتیفای کامپ نو بوو.

لە لایەکی دیکەوە، لە میانی یارییەکانی گەڕی شەشی لالیگا، راهێنەرەکەی بارسا بە بڕیارێکی هونەری لیڤای تەمەن 34 ساڵانی لەسەر کورسی یەدەگ دانا، لەجێگای ئەو یاری بە دیپای هۆڵەندی کرد، بەڵام لە خولەکی 57 لیڤاندۆڤیسکی بەشداری یارییەکەی کرد و توانی لە خولەکی 65 گۆڵی دووەمی بارسا لەو یارییەدا بکات، جیا لەمەش لە خولەکەکانی 86 و 2+90 توانی دوو گۆڵ بۆ ئانسو فاتی و عوسمان دێمبیلی دروست بکات، سەر ئەنجام یارییەکەش بە ئەنجامی 4 گۆڵی بێ وەڵام لە سودی یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا کۆتایی هات.

یەکێکی دیکە لەو یارییانەی لیڤا خولەکێکی کەم تیایدا یاری کردووە، یاری یانەکەی بوو بەرامبەر یانەی ئۆساسۆنا لە بەرواری 8/11/2022، لە میانی یارییەکانی گەڕی چواردەی لالیگا، هێرشبەرەکەی بارسا لەو یارییەدا لە خولەکی 11 کارتێکی زەردی پێدرا و پاشان زۆری نەخایاند لە خولەکی 31 کارتی زەردی دووەمی پێدرا و پاشان بەکارتی سوور کرایە دەرەوەی یاریگا، بەو هۆیەش بۆ 3 یاری سزای راگیرانی بەسەدا سەپێندرا کە دوو یارییان تێپەڕیوە و یارییەکیان ماوە.

لە یارییەکی ئۆساسۆناشدا، بارسێلۆنا لە خولەکی 6 لەلایەن دەیڤد گارسیا گۆڵێکی لێ تۆمارکرابوو، بەڵام پاش دەرکرانی لیڤا، چاڤی توانی ریزەکانی تیپەکەی رێکبخاتەوە و لە خولەکی 48 لەڕێگەی پێدری گۆڵی یەکسانیان تۆمارکرد، لە خولەکی 85 و نزیک لە کۆتایی هاتنی یارییەکە لەڕێگای رافینیای بەرازیلی دووەم گۆڵ و گۆڵی سەرکەوتنی یارییەکەیان تۆمارکرد.

هەروەها دوور لە لالیگا، لیڤاندۆڤیسکی لە سەرکەوتنێکی ئەوروپی یانەکەی بەرامبەر یانەی ڤیکتۆریا پلزن لە چامپیۆنزلیگ بەشدار نەبوو، کە یارییەکەیان بە ئەنجامی 4 گۆڵ بەرامبەر بە 2 گۆڵ بردەوە، هەروەها لە جامی شای ئیسپانیاش بە ئەنجامی 4 گۆڵ بەرامبەر بە 3 گۆڵ شکستیان بە ئینتەر سیتی هێنا و لیڤا لەو یارییەشدا بەشداری نەکرد.

لە یارییەکەی چامپیۆنزلیگ بەهۆی ئەوەی بارسێلۆنا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا لە پاڵەوانێتییەکەدا کرابووە دەرەوە، چاڤی بڕیاریدا پشوویەک بە لیڤاندۆڤیسکی بدات، جێگرەوەی ئەویش فێران تۆرێس بوو کە لەو یارییەدا گۆڵێکی تۆمارکرد.

لە یارییەکەی ئینتەر سیتی لیڤاندۆڤسکی لەگەڵ تیپەکەدا گەشتی نەکرد، دیپای هۆڵەندی وەک هێرشبەر جێگەی گرتەوە، بەڵام نەیتوانی هیچ گۆڵێک تۆماربکات.

پێشبینی دەکرێت لیڤا لە یارییەکەی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ریاڵ سۆسیداد بەشێوەی سەرەکی یاری بکات، بەڵام لە یارییەکەی جیرۆنا لە لالیگا دادەبڕێت و لەو یارییەش بەهۆی راگیرانی فێران تۆرێسیش چاڤی جارێکی دیکە بژاردەی سێ هێرشبەر (فاتی و دیمبیلی و رافینیا)ـی لەبەردەستدا دەبێت بۆ یاریکردن.

بابەتی زیاتر

Back to top button