ڕاهێنەری نوێی هەڵبژاردەی عێڕاق گەیشتە بەغداد
درەنگانی شەوی ڕابردوو بە مەبەستی وەرگرتنی ئەرکی ڕاهێنەراتی هەڵبژاردەی عێڕاق خیسۆس کاساس و یاریدەدەرانی گەیشتنە شاری بەغداد.
خیسۆس ڕاهێنەرێکی ئیسپانیە و شەوی ڕابردوو لەلایەن ( مەهدی کەریم ) بەرپرسی پەیوەندیەکانی هەڵبژاردەی عێڕاق و ( غانم عورێبی ) ئەندامی یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق پێشوازیان لێکرا، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوە یان لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق ( عەدنان درجال ) بە فەرمی بە ڕاهێنەری نوێی هەڵبژاردەی عێڕاق بناسرێن، یاریدەدەرانی خیسۆس کاساس ئەوانیش بە ڕەگەز ئیسپانین پێک دێن لە ( ئەلیخاندرۆ ڤارێلا لۆپێز ) یاریدەدەری یەکەم و ( سلفادۆر ڕۆمێرۆ ) یاریدەدەری دووەم و ( خافێر سانشێز ) ڕاهێنەری تۆانای جەستەیی.
خیسۆس کاساس لە ساڵانی 2018 _ 2022 یاریدەدەری لویس ئەنریکی بوو لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا، هەروەها 2017 _ 2018 یاریدەدەری ڕاهێنەر بووە لە یانەی واتفۆرد و ماوەیەکی زۆریش لە یانەی برشلۆنە وەک چاودێر و دۆزینەوەی یاریزانی لاو کاری کردووە.