ئه‌وروپا

‎مێسی ئەو ناوەیە لە بیرەوەرییەکانی مندا هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێت

کاتێک دڵ هۆگری کەسێک دەبێت، تەنها ئەو دەبینێ و بۆ ئەو لێدەدات، هیچ کەسێک لەو جوانتر نابینێت، سروشتی دڵی مرۆڤ وەهایە، دەکرێ بڵێین هەستی مرۆڤ وەها شێوەیە، لە دونیایی تۆپی پێشدا چاو هۆگری تەنها یاریزانێک دەبێت لەکۆی ئەو هەمووەدا، جوانییەکی جیاوازتر دەبینێت، سەرنجڕاکێشتر بەڵام لەکۆتاییدا هەر ئەم و ئەم.

دڵێک لەم سەدە نوێیەدا لە نێوەندی دوو یاریزان مایەوە، دوو لاو کە هاتن و چەمکی تۆپی پێیان گۆڕی و خۆرێکی نوێیان هەڵهێنا بۆ دونیایی تۆپی پێ و بینەرانی، لاوێک هات بە قاچێکی سیحراوییەوە و ئەم ئەفسانانەی لەهزری گەل و وڵاتێکدا تایبەتبوون هەمووی لەبیربردنەوە، لاوێکیش بە کۆڵنەدانەوە هەمووانی شۆککرد و هۆگری بوێرییرییەکەی خۆیکردن.

لەم نێوەندا دڵی من، هەردوو دییەم کوڕە کۆڵنەدەرەکەی هەڵبژارد، دەی هەڵبژاردنێک وای لێکردم جوانی قاچی چەپی سیحراوی ئەو لاوە نەبینم، وای لێکردم ئاوات بخوازم بە شکستی، وای لێکردم لە بەرامبەریدا ڕاستی بشارمەوە و بە سۆزەوە بڕیاربدەم، ئەمە سروشتی هاندەربوونە، ناگۆڕێت و زێدە سەختە.

بەڵام ئێستا من جیاواز دەڕوانم، کە دەبینی ئاوابوونی نزیکە بەهۆی تەمەنییەوە هێواش هێواش ڕاستی و حەق دەکەونە هزر و لێکدانەوەکانمەوە، ئێستا دڵ پێم دەڵێت؛ چ زوڵمێکە لێت کردووم ئەوەت نەهێناوەتە نێوییە، ئەشێ چاو بێتە قسەکردنەوە بفەرمێ؛ چ بێ ویژدانییەکە نەتهێشتووە تۆزقاڵێک لەزەت ببینم لێی، جار نا جارێ مەست بم بەدیارییەوە.

ئێستا بۆ دڵبەرانی بووە بە تاسە و یادگاری، بووە بە ئاهێکی قوڵ و بە حەسرەتی بەردەوامییەوەن، خۆزگە دەخوازن چیرۆکەکە کۆتایی نەیە، تەمەنی وەها زوو نەڕوات.

منێک کە ڕابردوو و ئێستا شەیدایی ڕۆناڵدۆم، جورئەت نامگرێ گەر ڕاستی بشارمەوە، جوانییەکانی بشارمەوە، ڕقم هەبێت بەرامبەری، ئەوەندە ماوە هەوڵدەدەم بە چاوی دڵبەرانییەوە تەماشای بکەم، زوڵمیشە بەڵام بەڕاستی دڵم داوای دەکات.

مێسی ئەو ناوەیە لە بیرەوەرییەکانی مندا هەمیشە زیندوو دەمێنێت، بە ناوێکی گەورە و پڕ شکۆیەوە.

نوسینی: عیماد نوح

بابەتی زیاتر

Back to top button