یوڤێنتوس داهاتووی ئەلێگری یەكلاكردەوە
یاریگا-
یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە داهاتووی ماسیمیلیانۆ ئەلیگری ئیتاڵی و ڕاهێنەری یانەكەی ڕاگەیاند.
ماكابی حەیفا لە یاریگای خۆیدا میوانداری یوڤێنتوسی كرد و یاریەكەشی بە دوو گۆڵی بێ وەڵام لێ بردەوە ، لە میانەی یاریەكانی گەڕی چوارەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.
دوای یاریەكە ئەندریە ئانێلی سەرۆكی یوڤێنتوس داهاتووی ڕاهێنەرە ئیتاڵیەكەی یەكلا كردەوە.
سەرۆكی خانمە پیرەكە ووتی: ئەمە شەوێکی سەختە لە قۆناغێکی سەختدا، یەکێک بوو لە سەختترین قۆناغەکان و ساتەوەختی وەرگرتنی بەرپرسیارێتی، هەر بۆیە لێرەم.
هەروەها ووتیشی: لە دۆخێکی وەک ئەمشێوەیەدا قسە لەسەر یەک کەس نییە و نابێت هەمووی بخرێتە سەر یەك كەس، بابەتەكە پەیوەندی بە هەمووانەوە هەیە ئێمە هەست بە شەرم دەکەین، داوای لێبوردن لە هەوادارانمان دەکەین.
لە بارەی ئەلێگریەوە ووتی: ئەلێگری ڕاهێنەری ئێستای یوڤێنتوسە، و وەک ڕاهێنەری یوڤێنتوسیش دەمێنێتەوە.